
تا ئێستە دەزگە تەناهییەكانی سلێمانی هیچ روونكردنەوەیەكیان لەبارەی دۆسیەی سمكۆ بەنەفشی، ئەندامی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران نەداوە، كە بەپێی زانیارییەكان تەنیا ئەوەندە بە حزبەكە گوتراوە لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
عەبدوڵا ئازەربار، ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، راگەیاند، هیچ زانیارییەكیان لە بارەی دۆسیەی بەنەفشی لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە پێ نەدراوە.
بەپێی زانیارییەكان كە لە ئەندام و بەرپرسانی كۆمەڵەوە دەستی كەوتووە، ئاسایشی سلێمانی تەنیا ئەوەندەی بەو حزبە گوتووە كە لێكۆڵینەوە لەگەڵ بەنەفشی بەردەوامە، بێ ئەوەی زانیاری زیاتریان پێ بدرێت.
تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم،راگەیاند، وەك خێزانی سمكۆ بەنەفشی ئاماژەی بۆ دەكەن، كوڕەكەیان لە سنووری سلێمانی دیار نەماوە، بۆیە نووسینگەی مافی مرۆڤی سلێمانیمان راسپاردووە سكاڵا لەو هاووڵاتییانە وەربگرن.
زیاتر گوتی، لە 26ی مانگی ئایاری ئەمساڵ، باوكی سمكۆ بەنەفشی بە فەرمی لە نووسینگەی مافی مرۆڤی سلێمانی سكاڵای تۆمار كردووە، نووسینگەكەیش لە 31ی ئایار نووسراوەكەی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی كردووە، بۆ ئەوەی وەڵاممان بدەنەوە و چارەنووسی دیاری بكەن، تا ئێمەیش وەڵامی خێزانی بەنەفشی بدەینەوە.