
لە چەند ناوچەیەكی گەرمەسێر جۆرێكی نوێی قاچاخ دەستی پێ كردووە، شوێنی پێشتری بارەكان بەناوی مەرزی جیاواز و پسوولەی ئامادە هاوردە دەكرێ و دەبرێتە چەندان ناوچەی عێراق و هەرێمی كوردستان.
محەمەد سەعید یەكێك لە نوێنەرانی شۆفێران، ئاشكرای كردووە، ئەو بارانەی كە قاچاخن بازاڕیان لە بارە یاساییەكان گەرمترە، چی لە مەرزی پەروێزخان بێت یان مونزرییە.
ئەوەشی دركاند، بارەكانی پەروێزخان بەناوی باری هاتووی مەرزی مونزرییەوە دەهێنرێن، پاش ئەوە رێڕەوی بارەكان لە گوندی سەوزبڵاخەوە بۆ خانەقین دەگۆڕێت و پاشان دەهێنرێنە گەرمیانەوە .
كەریم عەلی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و نوێنەری گەرمیان لەو ئەنجوومەنە، ئاشكرای كرد، قاچاخچییان زۆر رێ بۆ هێنانی باری قاچاخ تاقی دەكەنەوە. بوونی مەرزی جیای نێوان گەرمیان و خانەقین و چەند ڕێیەكی جیاواز كە مونزرییە و پەروێزخان بە یەكتر گرێ دەدات، لەلایەن قاچاخچییان بەكار دەهێنرێت.