
پەرلەمانتاران ئاماژە بەوە دەدەن: ”دوای وردبینییەکانی کۆمپانیای (دیلۆیت)ی جیهانی، پرسیار و گومان لەسەر فرۆشتنی نەوتی کوردستان نەماوە“، هاوکات جەخت لەسەر ئەوەش دەکەنەوە، کە داهاتی گومرگەکانی سلێمانی نادیارە.
محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە داهاتی نەوتی کوردستان لای ئەوان دیارە و هەر کات زانیارییان پێویست بێت، لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێیان دەدرێت.
گوتیشی: ”لە دوای وردبینی و بڵاوکردنەوەی راپۆرتی مانگانەی کۆمپانیای دیلۆیت، گومان لەسەر داهاتی نەوتی کوردستان نەماوە، چونکە ئەو کۆمپانیایە نێودەوڵەتی و بڕواپێکراوە، ئەوەی هەیە داهاتی گومرکەکان تاوەکو ئێستا بەتەواوی رێک نەخراوە و نایەتەوە بۆ یەک سەرچاوە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان“.
لای خۆشیانەوە، سەعید مستەفا، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕای گەیاند، ئەو قسانەی لەبارەی داهاتی نەوتەوە دەکرێن، تەنیا موزایەدەی حزبی و بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو پارە نادیارەیە، کە لە گومرگەکانی سلێمانییەوە لە باشماخ و پەروێزخانەوە نایەن، گوتی: ”تاوەکو ئێستا تەنیا 15%ی داهاتی ئەو دوو گومرگە لە سنووری سلێمانی بۆ وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت، واتا 85%ی ئەو داهاتەی ئەوێ نادیارە“.