
عەبدوڵای كوێخا موبارەك كە تازە پێوەندی بە ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە ڕای دەگەیەنێت، من منەتم بە پارە نیە و هەموو هەوڵێكم بۆ خزمەتی خەڵكی چەمچەماڵە.
ئەمڕۆ یەكشەم دووی ئایار، عەبدوڵا كوێخا موبارەك لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، من بۆ خزمەتی خەڵكی چەمچەماڵ پێوەندیم بە ریزەکانی پارتییەوە کردووە و پێشووتریش زۆر قسە لەسەر هەوڵدان بۆ ناشرینكردنی من کراوە، بەڵام هیچیان پێ نەكراوە.
موبارەك گوتی، پێشتر لە چەند حزبێكی تر بووین و ئێستە بە نوێنەرایەتیی هاوڕێیانمان هاتووینەتە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامێكی پارتین و پشتیوانی ئەم حزبە دەكەین، هەروەها لەناو چەندین حزب بوختان و چەواشەكاری بۆمن دروست دەكرێ، بەڵام من دەستخۆشییان لێ دەكەم، ئەو كەسانەی ڕەخنەمان لێ دەگرن با بزانن بۆ خزمەتی خەڵكی شارۆكەكەم هەموو كارێك دەكەم.
باسی لەوەشكرد، ئێمە ڕەخنەی توندمان لە شێوازی حوكمڕانی هەبوو، ئێستەیش دەپرسن بۆچی بووینەتە پارتی؟، بۆیە دەمەوێ بڵێم یەكێك لە هۆكارەكان ڕیكخستنەوەی خۆمان بوو لە یەك بەرەدا، دوای ئەو لێكدابڕانەی بە هۆی ململانێی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە دروست بوو كە وای کرد لێك دوور بكەوینەوە.
ڕوونی كردەوە، پارتی ئێسكی نەشكاندبووین و وەكو حزبێكی وەفادار ڕەچاوی خەباتی باوباپیرانی كردووین و بەشی ئاشتی بۆ هێشتبووینەوە، هەروەها ئێستە بەهۆی راستگۆیی و رژدبوونی نوێنەرانی پارتی لە حكوومەت و راستیی سیاسەتی پارتی لەبارەی كەركووك، هاتووینەتە ریزی پارتییەوە و خەبات دەكەین.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە