
ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/4/28، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دارا ڕەشید وەزیری پلاندان ڕاپۆرتێکیان تایبەت بە دوا ژمارەکانی پڕۆژە بودجەی هەرێم بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی تێبینی و پێشنیارەکانی ئەنجوومەن لە ناو پڕۆژە یاساکە جێگیر بکرێن و دواتر ئامادە بکرێت بۆ پەسەندکردنی کۆتایی ئەنجوومەنی وەزیران و دواتر ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.
لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوەکە، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەرئەنجامی کۆبوونەوەی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی خستەڕوو کە تیایدا وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان پێشنیار و پلان و کاری لە پێشینەی خۆیان پێشکەش کردووە و وا بڕیارە لەھەفتەی داھاتوو، پلانی سەرتاسەری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكە ساڵی ئامادە بێت تا لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندبکرێت ولە نزیکترین دەرفەتدا بکەوێتە بواری جێبەجێکردن.
لە بڕگەی کۆتایی کارنامەی کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران پێنج پڕۆژە یاسای پەسەندکرد کە بریتی بوون لە: (پڕۆژە یاسای دادگای تاوانکاری تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان – عێراق) و (پڕۆژە یاسای بەرکارکردن و هەمواری پیادەکردنی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی هەردوو کەرتی تایبەت و تێکەڵاو ژمارە 20ی ساڵی 1998ی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان – عێراق) و (پڕۆژە یاسای هەموارکردنی یاساکانی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی وپیشەسازی ، یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، یاسای بازرگانی) و بڕیاردرا ئەم پڕۆژە یاسایانە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ تەشریعکردنیان.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە