
راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، كۆبوونەوەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان، دەستپێكێكی باش بوو بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان لایەنەكان، بڕیاریشە كۆبوونەوەكان بكرێنە دەوری و، پارتیش پێی باشە پەیوەندیی نێوان لایەنەكان لە ناوخۆ باش بێت و كێشە لە نێوخۆی ھەرێمی كوردستاندا نەبێت.
عارف روشدی، ڕایگهیاند، پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان زۆر باشە، بە تایبەت دوای كۆبوونەوەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ھێز و لایەنە سیاسییەكان و ھاتنی لایەنەكان بە دەم بانگەوازی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، كە قبووڵیان كرد و ھەر لایەنێك رای خۆی باس كرد و كۆبوونەوەكەش زۆر ئەرێنی بوو، بۆیە بڕیار درا كە كۆبوونەوەكان بەردەوام بن.
روشدی گوتیشی: “بۆ ئەوەی لێكنزیكبوونەوەی زیاتر لە نێوان لایەنەكاندا ھەبێت، بڕیارە كۆبوونەوەی دەوری لە نێوان لایەنەكاندا بكرێت، پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئامادەیە بۆ ئەوەی كۆبوونەوەكان ببنە دەوری و زۆرینەی لایەنەكانیش لە كۆبوونەوەكەدا ھەمان رایان ھەبوو، چونكە ئێمە دەمانەوێت پەیوەندیی لایەنەكان لە نێوخۆ باش بێت و كێشە نەبێت”.
راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی لەوەش كرد، پێویستە ئەو لایەنانەی لە حكوومەت وەزیر و بەرپرسیان ھەبێت، پشتگیری لە حكوومەت بكەن و لەگەڵ سیاسەتی حكوومەتدا بن، چونكە كاتی راگەیاندنی كارنامەی حكوومەت، پشتگیرییان كردووە و ئێستا ئەوەی ببێتە ئۆپۆزسیۆن، كارێكی باش نابێت، بۆیە ھەر گلەییەك ھەبێت، پێویستە لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران قسەی لەسەر بكرێت و باش نییە لە راگەیاندنەكان باس بكرێت، لەبەر ئەوەی ئەوانە ئەندامی كابینەی حكوومەتن و پێویستە ھەر بەرپرسێك یان وەزیرێك، كاری خۆی بكات.