
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رێککەوتنی ھەرێم و بەغدا لەسەر بودجە کۆتایی ھاتووە و تەنھا ھەندێک ناکۆکیی نێوان شیعە و سوننە ماوە، ئێستاش سەرقاڵن ئەوانیش بگەنە رێککەوتن و بڕیار دراوە ئەمڕۆ پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بکرێت.
د.ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ، به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگهیاند گوتی، بڕیاربوو ئەمڕۆ كاتژمێر 10ی بەیانی پەرلەمان کۆبێتەوە و تێیدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بدرێت، بەڵام جارێ پەرلەمان چاوەڕێی ھەندێک ناکۆکیی نێوان سوننە و شیعە دەکات، کە ئەوانیش تەواو بن و پەرلەمان دەست بە کۆبوونەوە دەکات و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەدات، کە بڕیار دراوە ئەمڕۆ پەسەند بکرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی، ھەرێم و بەغدا بە شێوەیەک رێککەوتوون، کە ھەردوولا پێی رازین و ناکۆکییەکان کۆتاییان پێ ھاتووە، بۆیە ئێستاش چاوەڕێی چارەسەرکردنی ناکۆکیی نێوان سوننە و شیعە دەکرێت ئەوانیش بگەنە رێککەوتن.
باسی لەوەش کرد، ھەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر ئەوە رێککەوتوون، کە ھەرێم 460ھەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا دەکات، بەڵام پارەی دەرھێنان و گواستنەوە و پێداویستیی ناوخۆ و پترۆ دۆلار لەو پارەیەی نەوت بۆ ھەرێم دەبێت، کە رادەستی بەغدای دەکات و 250 ھەزار بەرمیل نەوت بۆ عێراق دەمێنێتەوە، ئەوانیش لە بەرامبەردا مانگانە پشکی ھەرێمی کوردستان رەوانە دەکەن بەپێی ئەوەی کە لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا پەسەند دەکرێت.