
نووسەرێكی سلێمانی ڕەخنەی توندی لە فرمێسكی درۆیینەی شاناز برایم ئەحمەد و چەند سەركردەیەكی یەكێتی گرت و رایگەیاند كە لە سنووری سلێمانی خۆپیشاندەر دەكوژن، كەچی فرمێسكی درۆیینە بۆ بڕیاری دادگاییكردنێك لە هەولێر دەڕێژن.
عەزیز ڕەئووف، نووسەر لە سلێمانی لە وتارێكدا بە ناوی “چەند ناشیرینە فرمێسكی درۆ”، دەڵێ “لە سلێمانی منداڵ دەکوژێ، لە دهۆک بۆ منداڵی باوکدەستگیرکراو دەگری، لە سەیدسادق و تەکیە و کفری لەسەر جادە خوێن دەڕێژێ، کەچی لە بادینان فرمێسکی تیمساحی دەڕێژێ. گەنجی خۆپیشاندەر دەکوژێ و دەچێتە ماڵەکانیان و ڕەسم لەگەڵ کەسوکاری شەهیدەکاندا دەگرێ”.
لە وتارەكەی عەزیز ڕەئووفدا، كە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردووەتەوە، هاتووە “لە سلێمانی تاڵانی دەکا کەچی ڕوو دەکاتە هەولێر بۆ چاکسازی. وەزیری ڕۆشنبیری بەدەستە و کتێبی جەلالی سام ئاغا قەدەغە دەکا، کەچی باسی نان و ئازادی بۆ نووسەران دەکا. جێگری سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی هەرێم و هەروەها پەرلەمانی بەدەستە، کەچی لە هەرێمەکەی خۆی وەک شێر و لە هەرێمەکەی پارتی یان بێدەنگە یان فرمێسکی درۆ دەڕێژێ”.
لە كۆتاییشدا دووپاتی كردووەتەوە كە “چەند ناشیرینە فرمێسکی درۆ، چەند قێزەونە ماسکی سەر دەم و چاو”.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە