
ئهو لیژنە پەرلەمانییهی عێراق كە پێك هێنراوە بۆ چارەسەری كێشەی زەویوزاری كەركووك، نزیكهی مانگێكه بانگهێشتی پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك و بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووكی كردووە، بەڵام هێشتا نهچوونهته لای لیژنهكه.
جەمال شكور، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنە پەرلەمانییەكەی عێراق،ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی ماوەیەكە پەرلەمان سەرقاڵی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقە، بۆیە لەم ماوەیە كۆبوونەوەی لیژنە پەرلەمانییەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ چارەسەری كێشەی زەویوزاری كەركووك نەكراوە و دوایین كاری لیژنەكە ئەوە بووە كە داوامان لە فەرماندەی پرۆسە هاوبەشەكانی كەركووك كردبوو هەموو رێكارێك ڕابگرن و دەستتێوەردان لە پرسی زەویوزار لە كەركووك نەكەن.
لەبارەی ئەوەی بانگێشتی راكان جبوری، پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك و زوهێر عەلی بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووكیان كردبوو بۆ پەرلەمانی عێراق، ئەو پەرلەمانتارە، گوتی، هێشتا ئەوان ئامادە نەبوونە و ئێمە بەرنامەیەكمان داناوە و دەبێت كارەكانمان بە ئەنجام بگەیەنین و كۆبوونەوەكانیشمان بەردەوام دەبێت.
ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە عەرەبە هاوردەكان بە پاڵپشتی پارێزگاری سەپێندرای كەركووك و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، هەر جارە و هەڵدەكوتنە سەر گوندێكی كوردانی سنووری پارێزگای كەركووك بەمەبەستی داگیركردنی زەویوزاری كورد و لە هەندێك ناوچەش زەویوزاری كوردیان داگیر كردووە و ئەوەش زۆر جار رووبەڕووبوونەوەی لە نێوان خاوەنی رەسەنی زەوییەكان كە جووتیارە كوردەكانن و عەرەبە هاوردەكان دروست كردووە بەتایبەت لە سنووری قەزاكانی دوبز و داقووقی سەر بە پارێزگای كەركووك و ماوەیەكیشە پەرلەمانی عێراق لیژنەیەكی پێك هێناوە بۆ چارەسەری كێشەی زەویزاری كەركووك، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجامی كۆتایی.