
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژە دەكات كە بە چاودێری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەندان پڕۆژەی گرنگ بۆ هەڵەبجە لە كەرتەكانی رێگاوبان و پرد و سایلۆ و ناوچەی پیشەسازی و مەرزی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەخرێتە واری جێبەجێكردنەوە.
بە تەواوبوونی پڕۆژەكان هەزاران هەلی كار بۆ هەڵەبجەییەكان دەڕەخسێت
كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، رای گەیاند، بڕیار بوو مانگی 12ی ساڵی رابردوو لە سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ پارێزگای هەڵەبجە، بەردی بناغەی چەندان پڕۆژەی گرنگی وەك ڕێگا و پردی توەقوت و پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازی قورس و سایلۆی هەڵەبجە و جادەی مەرزی سازان دابندرێت.
زیاتر گوتی، رێگای هەڵەبجە بۆ میرە دێ و پردی تووەقوت، دیزاینی نوێی بۆ دەكرێ و بودجەكەی نزیكەی 25 ملیار دینارە، سەرەتای مانگی ئازار تەواوی رێكارەكانی تەواو دەبێت، روونی كردەوە، ناوچەی پیشەسازی قورس لە هەڵەبجە بەردی بناغەی دادەندرێ و لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە جێبەجێ دەكرێت، بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێم و لەسەر رووبەری 400 هەزار دۆنم زەوی، كە كارەكانی بەرەو تەواوبوون دەڕوات.
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دووپاتی كردەوە، هەروەها پڕۆژەی سایلۆی هەڵەبجە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە زەوی بۆ ئامادە كراوە و ئاراستەی وەزارەتە پێوەندیدارەكان كراوە، وەزارەتی پلاندانان ئاراستەی وەزارەتی بازرگانی كردووە و ئەویش بە پڕۆژەیەكی گرنگی دەزانێت بۆ هەڵەبجە، كە 40 هەزار تۆن گەنم دەگرێت.
“جادەی جووتسایدی هەڵەبجە بۆ سەیدسادق بودجەكەی 88 ملیار دینار بووە، ئێستە بەشێك لە بودجەكەی ماوەتەوە و بۆ تەواوكردنی ئەو پێداویستییانەی ماویەتی تەرخان دەكرێت، وەك دانانی سیاج لەو شوێنانەی پێویستە بۆ سەلامەتی شۆفێران و رووناكی نێوان شارەدێ سیروان- هەڵەبجە تەواو بكرێت، بەرزكردنەوەی ئەو تەلی كارەبایانە نزمن، كە دەستی پێ كراوە، تا پڕۆژەكە بەشێوەیەكی ئەندازیاری تەواوی كارەكانی بە كۆتا بگات، داوایشمان كردووە مەرزی سازان لەگەڵ ئێران بكرێتەوە و جادەكەی بۆ هەڵەبجە قیرتاو بكرێت”، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە وای گوت.
شایەنی باسە لەگەڵ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژە ستراتیجیانە، سەتان هەلی كار بۆ كرێكار و وەستا و ئەندازیار و شۆفێران دەستەبەر دەبێت، ئەوەیش هۆكارێكی گرنگە بۆ بەرزكردنەوەی داهاتی تاك، لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەكانیش هەزاران هەلی كاری هەمیشەیی بۆ هەڵەبجەییەكان دەڕەخسێت.