
موحسین جوامێر نوسهر و چاودێری سیاسی، ڕایگهیاند،پێویستە ئەحمەدی حاجی ڕەشید بزانێ كە خەڵك هەڵیانبژاردووە و حزبەكەی هەڵیبژاردووە تا لە بەغدا بەرگری لە كورد بكات، بۆ پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان كار بكات، بەڵام ئێستە لە بەغدا وەك نەیارێك كار دەكات، من گوتوومە و ئێستەیش دەیڵێم ئەو كابرایە واژووی لەسەر ڕێككەوتننامەیەك كردووە، ناوەڕۆكەكەی بریتییە لەوەی نابێت كوردستان بمێنێت و دەبێ وەك 100 ساڵ پێش ئێستەی لێ بێت.
وتیشی :ئەو كەسانە هیچ بەرژەوەندییەكی هاوبەشیان نییە، تەنانەت لەڕووی بیروڕا زۆر لێكدوورن و تەنیا بەرژەوەندییان بریتییە لە دژایەتی هەرێمی كوردستان، ئەو كەسەی سەرپەرشتی ئەو نووسراوەی كردووە، كەسێكە بڕوای بە هیچ ئاینێك نییە، نازانم چۆن ئەحمەدی حاجی ڕەشید كاری لەگەڵ دەكات.
زیاتر دهڵێ:پرسیارەكە ئەوەیە كەسێك كە هیچ بۆ هەرێمی كوردستان وڵاتی خۆی نەكات، ئەی چی دەكەیت، بۆیە كەسێك دەست بە هەموو كون و كەلەبەرێكدا بكات، دەبێت بزانین بۆچی وا دەكات، دڵنیابە هۆكاری هەیە، هۆكارەكەی دیارە كە دژایەتی كورد و بەرژەوەندی كوردە و هیچی تر نییە.
گوتی:من پێم وایە كاركردن بۆ نیشتمان و لەبەریبوونی نیشتمانی ئامرازێكە بۆ مانەوەی حزب، لەناو كۆمەڵی ئیسلامیش كەسانی دڵسۆز هەن و كار دەكەن بۆ كەیسی كورد، بەڵام ئەوە بووەتە پرسیار و بە پەیامێكیش بۆ مامۆستا عەلی باپیرم نارد كە بۆچی لە هەڵوێستی ئەو پەرلەمانتارانەی بێدەنگە؟ ئایا دەرەقەتیان نایەت یان هۆكارێكی ترە، پێویستە وەڵام بدرێتەوە.
ئا:کاروان خدر حسن
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە