
كاردانەی دژ بە هەوڵی ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردی خۆفرۆش لە بەغدا بەردەوامە، بەتایبەت لەوكاتەدا كە لیستە عێراقییە شۆڤینییەكان دژایەتیی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەرپرسێكی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان ئاماژە دەكەن، كوردستان جۆرە سەربەخۆییەكی هەیە.
شوان محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، راگەیاند، گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا كارێكی سانا نییە، چونكە بەغدا هەمیشە دەڵێت گرفتمان لەبارەی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەیە، جگە لەوەیش لە رووی سیاسییەوە حكوومەتی هەرێم جۆرە سەربەخۆییەكی لە عێراقی فیدراڵ هەیە، بۆیە شتی وا ناكرێ حكوومەتی عێراق راستەوخۆ مووچەی فەمانبەرانی هەرێم بدات، ئەوكات هاوبەشیی هەردوو حكوومەتی فیداڵ و هەرێم نامێنێت.
زیاتر گوتی، لیستە عێراقییەكان یان نەیارەكانی هەرێم لەم كاتەدا هەوڵی ئەوە دەدەن هەرێمی كوردستان بچووك بكەنەوە، كە رەنگە پلانی دەرەكی لە پەرلەمانی عێراقیشی لەپشتەوەی بێت، ئەوەیش هاوكاتە لەگەڵ جموجۆڵی هەندێك پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا كە پرسی گواستنەوەی مووچە دەجووڵێنن، بۆیە باشترە حكوومەتی هەرێم زیاتر شەفاف بێ و بایەخ بە پرۆسەی چاكسازی بدات.