
نووسەر و ڕۆژنامەنووسێك رای دەگەیەنێت كە لێدوانی پەرلەمانتارە كوردە بەناو ئۆپۆزسیۆنەكان كە مەبەستی لێی پەرلەمانتارە كوردە نەیارەكانی هەرێمی كوردستانە، كاری خۆی كرد و پڕۆژەیاسای قەرز بە قازانجی شۆڤێنیزمی مەزهەبی و دڵخوازەكانی ئەو پەرلەمانتارە كوردانە تێپەڕیوە.
ئاسۆ عەبدوللەتیف، نووسەر و رۆژنامەنووس، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسینێكی بە ناونیشانی (پەڕلەمانتارە کوردە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان، بینیتان چی قەوما لەو بەغدادە؟) بڵاو كردۆتەوە و تێیدا نووسیویەتی: ”پاڵەوانەکانی سەرشاشە، بینیتان پرۆژەیاسای قەرز چۆن بە قازانجی شۆڤێنیزمی مەزهەبی و دڵخوازەکانتان تێپەڕی و ئێوەش بە شەرم و لاچاو نەتانبینی و دەنگتان کارایی نەبوو“.
جەختیشی كردۆتەوە: ”بینیتان وتارە ئاگرین و لێدوانەکانتان دژی ستاتۆی هەرێمی كوردستان چۆن کاری خۆی کرد؟ ئێوە دەزانن بڕینی مووچە، یان پابەندبوونی دارایی چییە؟“.
ئاسۆ عەبدوللەتیف ئاشكرای كردووە كە ”عێراق یەک تۆز بە هۆش خۆی بێتەوە، وەک گای هار و دەسەڵاتێكی خوێنخۆری داپلۆسێنەر و حەللاجی و زەعیم سدقییانە، یەکەمجار ئێوە و دووەم جار کوردستان دەخاتەوە ژێر ڕەحمی شمشێر و بارووت و تفەنگ و فاشیزمێکی ڕێكخراو و فەزای عەسكەریی میلیشیایی“.
هەروەها ڕوونیشی كردۆتەوە: ”ئەو کۆدەنگییەی شیعە و سوننە لە پەرلەمانی عێراق و بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەو ئاوازە ناسیۆنالیزمە مەزهەبییە حاقید و مەترسیدارە بە بەرچاوتانەوە، سەرەتای قۆناغێکی نوێ نییە و پاشهاتی تازەش نییە، بەڵکوو دەرکەوتنی ئەو نیەت و ڕوانگە شاراوەیەی ئەو تایپە حوکمڕانەی بەغدایە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان“.
ڕەخنەشی لە دانوستانکارانی سیاسیی کورد لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق گرتووە بەوەی نەتواندراوە بە فەرمی و پرۆتۆکۆل و بەڵگە دانوستان بکەن.
بە بڕوای ئەو نووسەر و ڕۆژنامەنووسە، كازمی نەك بەرامبەر بەم ئابڕووچوونەی عێراق هیچی پێ ناكرێت، بەڵكوو لە ژێرەوە بە پشتگیریی ناڕاستەوخۆی سەرۆکایەتیی کۆمار، چەند هەفتەیەک خەریکی رازیکردنی ئەو پەرلەمانتارە فاشیستانە بوو بۆ وەرگرتنی قەرزێکی گەورەی دەرەکی، ئەویش نەک بۆ مووچە و ئەرکە داراییەکان و کورتهێنانی بودجە و کوردستانییان، بەڵکوو بۆ تەخشان و پەخشانکردنی پارە و خەرجیی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن و مسۆگەرکردنی دەنگ و کورسییەکانی بۆ خولی نوێی حوکمڕانی کە خەزێنەکەیان بەتاڵە و ئیدی پڕیانکردەوە“.