
ئەمڕۆ سێشەممە 27/10/2020، عوسمان ئۆجه‌لان، سه‌رکرده‌ی پێشووی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە) و برای عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی ئەو حزبە، راگەیاند: ”قه‌ره‌یلان پێش ئه‌وه‌ی په‌یام ئاراسته‌ی سەرۆك بارزانی بکات، پێویسته ئاراسته‌ی خۆیانی بکات، کێ رێگای به‌وان دا له باشووری کوردستان دیپلۆماتکار بکوژن و له سنووری دەسەڵاتی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هێزی چه‌کدارییان هه‌بێت و بچنە شنگال و به ئاشکرا خه‌ڵک ببه‌ن بۆ قه‌ندیل؟“.
عوسمان ئۆجەلان ڕوونیشی كردەوە: “په‌که‌که له په‌یامی موراد قه‌ره‌یلاندا فێڵێکی کردووه، ئه‌م په‌یامه گوایه بۆ خه‌ڵکی کوردستانه که په‌که‌که ئاشتیی ده‌وێت، بەڵام پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م په‌یامه ئاراسته‌ی سه‌رکردایه‌تیی باشووری کوردستان بکه‌ن، با هه‌نگاوه‌کان له خۆیانه‌وه ده‌ست پێ بکه‌ن، ناکرێت له‌ژێر ناوی ره‌وایه‌تیی خه‌بات، بێیتە سنووری حکوومه‌تی هەرێمی كوردستانەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان خاوەن ماڵه و گله‌یی هه‌یه له‌وه‌ی ماڵه‌که‌ی تێکدراوه، ده‌بێت په‌که‌که به‌و سیاسه‌ته‌ی خۆیدا بچێته‌وه و راستتر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ واقیعه‌که‌دا بکات”.
ئەوەشی دەربڕی، كە ره‌نگه هه‌ندێک هێزی باشووری کوردستان بۆ ململانێی ناوخۆی خۆیان، ده‌ست بۆ په‌که‌که شل بکه‌ن، به‌ڵام ”ده‌بێت په‌که‌که شه‌ڕی براکوژی له باشووری کوردستان دروست نەکات، قه‌ره‌یلان با له‌و په‌یامه تێبگات که له شەڕی براکوژیدا په‌که‌که زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌که‌مه، چونکه باشووری كوردستان هه‌م شەڕ، هه‌میش تێکدانی دۆخه‌که ره‌ت ده‌که‌نه‌وه“. جەختیشی كردەوە كە ئەوەی ئێستا دەكرێت، بە ئاراستەی دروستكردنی شەڕی براكوژییە