
سیاسه‌تمه‌دارێكى كوردستان رای ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ى له باره‌ى په‌كه‌كه و توركیا و هه‌رێمى كوردستان روو ده‌دات، خه‌تاى سه‌ره‌كیى ده‌وڵه‌تى توركیایه، چونکە شوێنى په‌كه‌كه باكوره و ده‌بێت له باكور خه‌بات بكه‌ن نەک هەرێمی کوردستان.
له چه‌ند رۆژى ڕابردوودا، ده‌زگاى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان رای گه‌یاند، له هه‌وڵێكى تیرۆركردندا غازى ساڵح به‌رپرسى ئاسایشى ده‌روازه‌ى سه‌رزێڕ له گوندى بێگداودا كوژراوه، دواى لێكۆڵینه‌وه ده‌ركه‌وت له‌لایه‌ن چه‌كدارانى په‌كه‌كه‌وه كوژراوه.
مه‌حمود عوسمان سیاسه‌تمه‌دارى كوردستان ڕاگه‌یاند، ئه‌و ناوچه‌یه ماوه‌یه‌ك ده‌بێت نائارامه، نائارامیى گه‌وره‌ش توركیایه، به‌رده‌وام بۆردومانى ئه‌و سنووره ده‌كات، ئه‌و رووداوه‌ی له چه‌ند رۆژى رابردوو دەنگی دایەوە و ئه‌و به‌رپرسه‌ى ئاسایش كوژرا، دۆخه‌كه‌ی زیاتر نائارام کرد.
زیاتر گوتی، ئه‌وه ئاشكرایه هه‌ر یه‌كه له په‌كه‌كه و پارتى دژى یه‌كترین، ئه‌گه‌ر ئه‌وان دابنیشن و قسه بكه‌ن و رێكبكه‌ون زۆر گرنگ ده‌بێت، توركیاش ده‌وڵه‌تێكه به هیچ رازى نابێت، نه دیالۆگ و قسه و ئاشتى هیچ ناكه‌ن.
هه‌روه‌ها گوتى، په‌كه‌كه هه‌ڵه ده‌كه‌ن و خه‌تاشیان هه‌یه کە ده‌چنه ئه‌و ناوچانه‌ى كه هاووڵاتیى لێییه و گوندنشین و شوێنى ئاوه‌دانین، شوێنى په‌كه‌كه باكورى كوردستانه و ده‌بێت بچنه باكور خه‌بات بكه‌ن، به‌ڵام ناتوانن و هاتوونه‌ته هه‌رێم.