
لە شارۆچکەی دیناری سەر بە پارێزگای ئافیۆنکاراهیساری تورکیا، سێ برا کە خەڵکی شارۆچکەی ئەرجیشی سەر بە وانن و بەمەبەستی کرێکاری لە بیناسازیدا چوونەتە ئافیۆنکاراهیسار، تەقەیانلێکرا.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 13ی ئەیلوول هەریەک لە (ئۆزکان ت)، (فرات ت) و (فاتیح ت) لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە لییان بووەتە دەمەقاڵێ. بەپێی گوتەی چەند شاهێدحاڵێک دەمەقاڵێکە لەسەر ئەوە بووە کەسە نەناسراوەکە بە سێ برا کرێکارەکەی گوتووە ”بۆچی تەپ و تۆز دەکەن”، ئینجا شەڕ دروستبووە و ئەو کەسە نەناسراوە تەقەی لە هەر سێ براکە کردووە. ئۆزکانی تەمەن 25 ساڵ گیانی لەدەستداوە و هەریەک لە فرات و فاتیح رەوانەی نەخۆشخانە کراون. پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە. ئەمە یەکەمینجار نییە کرێکارانی کورد لە شارەکانی تورکیادا رووبەڕووی هێرشی نەژادپەرستی دەبنەوە. رۆژی 22ی ئابی ئەمساڵ لە ساکاریا هێرشکرایە سەر چەند کرێکارێکی کورد کە بە مەبەستی رنینەوەی بەرووبووم لە باکووری کوردستانەوە چووبوونە ئەوێ. ئەو رووداوە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی تورکیای هێنایەدەنگ. ساڵی رابردوو بە هەمان شێوە کرێکارێکی کورد لە پارێزگای ساکاریا کوژرا و لە مانگی تەممووزی ئەمساڵیش لە پارێزگای یۆزگات هێرشکرایەسەر ژمارەیەک کرێکاری کورد کە لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیەدا کاریان دەکرد.