
ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد كە ئەوان گومان دەكەن، لاهوور جەنگی ئەو پەرلەمانتارانەی بزووتنەوەكەی لە پەرلەمانی عێراق ئاراستە بكات كە لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕاندا كێشەیان نایەوە.
ڕزگار محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان راگەیاند: ”ھەندێك لە برادەرانی ئێمە لە پەرلەمانی عێراق ھەندێک لێدوان دەدەن، نازانین لە ژێر چ كاریگەرییەك ئەم قسانە دەکەن، دەبوایە ئەم برادەرانە کاریان لەسەر ماددەی ١٤٠ بکردایە، کاریان لەسەر ئەو ھەموو نەھامەتییە بکردایە کە لە سنوورەکان ڕوودەدەن، نەھاتنایە قسە لەسەر مانەوە یان نەمانەوەی گۆڕان لە حكوومەت بكەن.
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان جەختی كردەوە، ئێمە وەک فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، ”بۆچونی خۆمان داوە، قسەمان لەسەر ئەوە كردووە كە ئایا گۆڕان لە حكوومەت بمێنێتەوە یان بكشێتەوە، بێدەنگیش نەبووین. بۆ نموونە من بۆچوونی خۆمم داوە، گووتومە با نەکشێینەوە.
رزگار محەمەد دەڵێت: ”ئەم برادەرانە لە بەغداوە هاتوون ئاژاوە دروست دەکەن، لەناو جڤات قسەیەك دەکەن كە ئەسڵەن لە بەرنامەی كۆبوونەوەكەدا نییە، دەبوایە ئەوان باسی ماددەی ١٤٠ و گرفتی کورد لە ناوچە جێناكۆكەكان و شەھیدبوونی پێشمەرگە و سووتاندنی بەروبوومی جووتیارانی كوردستان و ئەم پرسانە بكەن كە پەیوەندییان بە كاری ئەوان وەك پەرلەمانتاری عێراقەوە هەیە، ئەمانە ئیشی ئەوانن، چونکە ئەوان نوێنەری خەڵکن لە بەغداد و ئەو ناوچانەش لەژێر دەستی حکوومەتی عێراقدان، بەڵام بەداخەوە ھاتوون نازانین لە ژێر چ کاریگەرییەک ئەم قسانە دەکەن.
بەڵگەی تەواومان لەبەردەستدا نییە كە لاھوور جەنگی بیانجوڵێنێت، بەڵام بە یەک نەفەس قسە دەکەن، بە تایبەت جووڵانەوەکانیان لە نێو کۆبوونەوەکان، بۆیە بە یەكێك لە ئەگەرەكانی دادەنێین كە ئەو ئاراستەیان بكات“. دووپاتیشی كردەوە: ”ھەڵسوکەوتی ئەوان لە کۆبوونەوەکان جۆرێکە لە قسەکانی لاھوور جەنگی و نەفەسی قسەکردنیان بە ئاراستەی ئەوە“.