
دوای ئەوەی دوێنێ هەینی تیمی ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا مەترسی هەڵكشانی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنای لە شارەكە باس كرد و داوای بە پەلەی تەرخانكردنی بودجەیان راگەیاند، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان فەرمانی كرد بڕی 500 ملیۆن دینار بۆ تەندروستی هەڵەبجە تەرخان بكرێت.
د.شاناز شێخ نەبەز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە، ڕاگەیاند، ئەو 500 ملیۆن دینارەی لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بۆ كەرتی تەندروستی هەڵەبجە تەرخان كرا، بۆ تێستی پشكنینی كۆرۆنا و دابینكردنی ئامێر بۆ بانكی خوێنی هەڵەبجە پێویستن، بەتایبەتی كڕینی ئامێری جیاكردنەوەی پلازمای خوێن و كەرەستەی خۆپارێزی و چارەسەر بۆ نەخۆشخانەی وەفا.
ئاماژەی كرد، سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەین هاوكاری كەرتی تەندروستی هەڵەبجە دەكەن، چەندینجار داواكاریمان بەرز كردووەتەوە لایەنی پێوەندیدار ئاوڕ لە كەرتی تەندروستی هەڵەبجە بداتەوە، لەبەر ئەوەی ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا ڕووی لە زیادبوون بووە و نەخۆشخانەی وەفا لە لێواری پڕبووندایە، پێویستمان بەوەیە نەخۆشخانەی كیمیابارانی هەڵەبجە تایبەت بكەین بە چارەسەری كۆرۆنا.
ئەو گوتەبێژەی تەندروستی هەڵەبجە روونی كردەوە، دابینكردنی بڕی 500 ملیۆن دینار بۆ كەرتی تەندروستی و بەدەمەوەهاتنی سەرۆكی حكوومەت و وەڵامدانەوەی بانگەوازەكەمان سوپاسی دەكەین، ئێستە ئەو بودجە بۆ كەرتی تەندروستی بەشی دابینكردنی پێداویستییەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دكات، بەڵام ئەگەر هاوڵاتییان پابەندی تاكپارێزی نەبن و ژمارەی تووشبووان لە بەرزبوونەوەدابێت، لە داهاتوودا پێویستمان بە بودجەی تر دەبێت.