
بڕیارە هەفتەی داهاتوو، كۆبوونەوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان دەست پێ بكەنەوە.
فەوزی هەریری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كە ئێستا سەرۆكایەتیی شاندی هەرێمی كوردستان دەكات لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا، رای گەیاند، لە میانی كۆبوونەوەی دوێنێ هەینی ٢١ی ٨ی ٢٠٢٠، شاندی كوردستان و شاندی عێراق، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، سوپاسی شاندی هەرێمی كوردستانی كردووە بۆ ئامادەبوون و پشتگیریكردنیان لە دانوستانەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا و داواشی كردووە، بەدواداچۆن بۆ ئەو بڕیارانە بكەن كە لەم دواییانە دەركراون.
فەوزی هەریری لە میانی گەشتێكی هەواڵەكانی كەناڵی (كوردستان ٢٤) جەختی كردەوە: ”كازمی لە كۆبوونەوەكە گوتی، کێشەی ئابووری زۆرن و بەڵێنتان پێدەدەم هەفتەی داهاتوو دەست بە دانوستانی دووقۆڵی بکەین”.
سەرۆك وەزیرانی عێراق بە شاندی هەرێمی كوردستانی گوتووە، ”زۆر گرنگە هەفتەی داهاتوو بێن و لە بەغدا ئامادەبن بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە دانوستانەكان بكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان“.
هاوكات سەرۆك وەزیرانی عێراق سوپاسی سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستانی كردووە، بەرامبەر پشتگیریكردنی كە بەهۆیەوە توانیویەتی كارەكانی حكوومەتی عێراقی فیدرال بەڕێوە ببات.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە