
فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان – یەرەکەی سەر بە پارتیی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە لە راگەیێندراوێکدا ناسنامە و وێنەی حەوت کەسی بڵاوکردەوە کە لە هێرشەکەی تورکیا لە ناوچەی قامیشی شارباژێڕ لە نزیک چیای باڵۆسە کرانە ئامانج کە زۆربەیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن.
7ـی ئەم مانگە فڕۆکەکانی تورکیا لە دوو کاتی جیاوازدا سنووری قەزای ماوەتیان لە پارێزگای سلێمانی، بۆردوومانکرد. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش رایگەیاند، “حەوت چەکداری پەکەکە لەنزیک ماوەت کراونەتە ئامانج”.
ئەمڕۆ شەممە 15-08-2020، فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکەی سەر بە پارتیی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە لە راگەیێندراوێکدا ناسنامە و وێنەی ئەو حەوت کەسەی بڵاوکردەوە کە لە هێرشەکەدا کراونەتە ئامانج و دەڵێت: “لە باڵۆسە لەگەڵ دوو وڵاتپارێز کراونەتە ئامانج و شەهیدبوون”.
بەپێی ناسنامە و وێنەکانیان زۆربەیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن و لە حەوت ئافرەت و پیاوێک پێکهاتوون، پەکەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەدات “ئەوان خەڵکی هەر چوارپارچەی کوردستانن، ئەوەش سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە بەتلیس، سنە، سلێمانی و کۆبانی هەر یەک خاک و یەک وڵاتن”.
ئەو حەوت کەسەی لە هێرشەکەدا کراونەتە ئامانج
- سونگول دیلمان ناسراو بە (ئۆزگور کوردستان) لە 2015 بەشدارە لە ریزەکانی پەکەکە و لە 07-08-2020 گیانی لەدەستداوە.
- ئارەزوو مووحەمەدی ناسراو بە (بێریوان تاقەدار) لە 2016 بەشدارە لە ریزەکانی پەکەکە و لە 07-08-2020 گیانی لەدەستداوە.
- دۆزگین عومەر ناسراو بە ( رۆژبین گوڵناز) لە 2015 بەشدارە لە ریزەکانی پەکەکە و لە 07-08-2020 گیانی لەدەستداوە.
- ئەسرین خەلیل ناسراو بە (شیلان شۆڕش شاهۆز) لە 2015 بەشدارە لە ریزەکانی پەکەکە و لە 07-08-2020 گیانی لەدەستداوە.
- دیلان مەحموود ناسراو بە (وەژین دۆغان کوردستان) لە 2017 بەشدارە لە ریزەکانی پەکەکە و لە 07-08-2020 گیانی لەدەستداوە.
- فەرهاد خدر لەکی ناسراو بە (رێزان کوردستان) لە 2015 بەشدارە لە ریزەکانی پەکەکە و لە 07-08-2020 گیانی لەدەستداوە.
- مەدینە شێخۆ ناسراو بە (ئەیلەم جودی) لە 2018 بەشدارە لە ریزەکانی پەکەکە و لە 07-08-2020 گیانی لەدەستداوە.
کوژرانی ئەو ئەندامانەی پەکەکە لە رۆژی حەوتی ئەم مانگە بووە کاتێک فڕۆکەکانی تورکیا ناوچەی قامیشی شارباژێڕیان لە نزیک چیای باڵۆسە بۆردوومانکرد. ئەو کەسانەی کوژراون حەوت کەسیان گەریلان، دوو کەسیشیان سڤیلن کە یەرەکە بە وڵاتپارێز ناویان دەبات و لەو کەسانەن کە یارمەتیی پێشکەش بەو هێزانە دەکەن و مەرج نییە چەکدار بن.
تورکیا لە 15ـی حوزەیرانەوە هێرشی ئاسمانی و زەمینی دەکاتە سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کە تاوەکو ئێستا جگە لە زیانی ماددی، شەش کەسی سڤیلیش کوژراون. یەرەکە دەڵێت، “ماوەیەکە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشی بەرفراوانی لەسەر ئەو ناوچانەی کە هێزەکانمان هەیە چڕکردووەتەوە، لەو هەرێمانە تەنیا گەریلاکانی یەرەکە و پژاک هەن”.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە