
سەرکردەیەکی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان رای گەیاند، ئەو پەرلەمانتارە کوردانەی کێشەکانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا قووڵ دەکەنەوە، ”نوێنەری کورد نین و بە ھەڵوێستەکانیان دژایەتیی خەڵکی کوردستان دەکەن“.
محەمەد وەتمان، ئەندامی پێشووری سەرکردایەتیی یەکێتی ،ڕاگەیاند، ئەو پەرلەمانتارە کوردانەی لە بەغدا ھانی حکوومەتی عێراق دەدەن تاوەكوو کێشەکان بە ئاڵۆزی بمێننەوە، یان بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان نەنێرێت، ”ئەوانە نوێنەری کورد نین و ھەڵەیەکی گەورە بەرامبەر بە میللەتی کورد دەکەن“.
ڕوونیشی كردەوە، ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لە قازانجی خەڵکی کوردستان و کەسوکاری شەھیدان و مووچەخۆرانە، بۆیە ”ھەر کەسێک ھەوڵی ئەوە بدات دۆخی ھەرێمی کوردستان تێک بدات، یان کێشەکانی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق ئاڵۆزتر بکات، کارێکی خراپ دەکات، پیویستە خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی شەھیدان بڕیار لەسەر ئەو کەسانە بدەن“.
محەمەد وەتمان، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پەرلەمانتارە کوردانەی بەغدا بە ھەڵوێستەکانیان، دژایەتیی خەڵکی کوردستان دەکەن، ھەر کەسێک خۆی بە نوێنەری خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی شەھیدان بزانێت، ھەرگیز ھەڵوێستی ئاوای نابێت.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە