
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پارێزگاری هەولێری راسپاردووە کە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ زانینی هۆکاری کەمبوونەوەی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر پێکبهێنێت.
بەیانیی ئەمڕۆ کێشەی کەمی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر بووە جێگەی نیگەرانییەکی زۆر بۆ ئەوانەی کەسوکاریان لە نەخۆشخانەکەیە. هاونیشتمانییەک بە رووداوی گوت، تەنیا لەماوەی نیوکاژێر بەهۆی نەبوونی ئۆکسجینەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە رەتیکردەوە و گوتی، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام هۆکارەکەی نەبوونی ئۆکسجین نەبووە.
دەقی راگەیێندراوی جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت لیژنه‌یه‌كی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوه‌كه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری پێك ده‌هێنرێت
سه‌باره‌ت به ڕووداوه‌كه‌ی ئەمڕۆی نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری له هه‌ولێر، رێزدار مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پارێزگاری هه‌ولێری ڕاسپارد لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوون پێکبهێنێت بۆ زانینی هۆکاری کەمبوونی ئۆکسجین و له نزیكترین كاتدا ئه‌نجامه‌كانی بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنرێت.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە چەند وڵاتێک، ڕێکاری پێویستی گرتەبەر کە بووە جێی ستایشی هەموو لایەک و هاووڵاتییانیشی ئاگادار کردەوە لە مەترسییەکانی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە. بەداخەوە خەڵکانێک مەترسییەکانی ڤایرۆسەکەیان بۆ سەر ژیانی خەڵک بە هەند وەرنەدەگرت و گومان و دردۆنگیان لە ئاستی مەترسییەکانی دروست دەکرد و هاووڵاتییانیان هان دەدا بۆ سەرپێچیکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان، کەچی ئەمڕۆ هەمان ئەو کەس ولایەنانە موزایەدەی دڵسۆزی و خەمخۆری بەسەر حکومەتەوە دەکەن!
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە ئه‌رك و هه‌وڵه‌كانی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان له ڤایرۆسی كۆرۆنا و داواش لە هاووڵاتییان دەکاتەوە کە مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە بە جیددی وەربگرن و لە پێناو پاراستنی خۆیان و خێزانه‌كانیان، پابه‌ندیی رێنماییه تەندروستییەکان بن كه باشترین چاره‌سه‌رە بۆ سنووردارکردنی ئەم پەتایە.
د. جوتیار عادل
گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
2020/7/30
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە