
ئەمڕۆ دووشەممە 2020/7/27، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتی وەک بەشدارێکی سەرەکی پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات. گوتیشی: ”کێشەی لایەنە سیاسییەکان نابێت لە دامودەزگا حکومییەکاندا ڕەنگ بداتەوە و پێویستە ھەموو لایەک بە پشووفراوانییەوە ھاوکار بین بۆ ئەوەی بە دانوستان ھەموو کێشەکان چارەسەر بکەین، چونکە ھەموو دەسکەوتەکانمان ئەنجامی یەکڕیزی و تەباییمان بووە. بۆیە ھەموو ھەوڵێک دەدەین ھاوکار بین بۆ ئەوەی ئەو دۆخە سەختە و قەیرانەکان تێپەرێنین“.
هاوكات سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە خەڵکی ھەرێمی کوردستان، وێڕای تەحەمولکردنی سەختییەکان، نیگەرانن لە گرژیيە ناوخۆییەکان و چاوەڕوانن لایەنەکان دۆخێکی لەباری سیاسی برەخسێنن. گوتیشی: ”حکوومەتی ھەرێمی كوردستان، حکوومەتی ھەموو هەرێمی کوردستانە و پێویستە گشت لایەنە بەشداربووەکانی حکومەت پشتگیريی لە کارنامەی حکوومەت بکەن، چونکە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەم، بەرنامەی ھاوبەشی لایەنە بەشداربووەکانی ناو حکوزمەتە“.
سەرۆکی حکوومەت جەختیشی لەوە کردەوە کە حکوومەتی ھەرێم ھەموو تواناکانی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو ڕەوشە ئابووری و تەندروستییە نەخواراوە تێپەڕێنێت و دۆخی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتییان باشتر بکات، بۆ ئەم مەبەستەش چاوەڕوانی پالپشتیی ھەموو لایەنەکانە.