
رۆژی سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتی سنووری پارێزگەی هەولێر کۆبووەوە.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەت بەرپرسانی ڕاسپارد کە ڕۆڵی بەرپرسانەی خۆیان بگێڕن و نەهێڵن هیچ کێشە و گرفتێکی خزمەتگوزاری دروست ببێت. دڵنییاییشی بە خەڵکی کوردستان دا کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پاراستنی خەڵک و هەرێمی کوردستان لەم شەڕ و ئاڵۆزییانەی ناوچەکە. دووپاتیشی کردەوە کە سەرەڕای ئەوەی کێڵگەکانی نەوت و گاز و پاڵاوگەکان ڕووبەڕووی هێرش و پەلاماری هێزە لە یاسا دەرچووەکان بوونەتەوە، بەڵام حکوومەت هەموو هەوڵێکی داوە چارەسەری کێشەی کارەبا بکات.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان لە هەموو کەسێک زیاتر پەرۆشی ئابووریی و مووچە و بژێویی خەڵکین، ئێستاش دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە لەگەڵ ئەوەین نەوت هەناردە بکرێ و هەرێمی کوردستان ڕێگر نییە، تەنیا داوای ئەوەی کردووە گەرەنتی هەبێت و بتوانین لە کێڵگەکانی خۆشمان نەوت هەناردە بکەین.
مەسرور بارزانی گوتیشی، بەغدا خۆی چەند ساڵێک لەمەوبەر لە ڕێگەی دادگاوە نەوتی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت بۆیە گوناهی هەرێم نییە کە نەوت وەستاوە. هەرچەندە ئەو بڕە نەوتەی کە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت، سنووردارە و قەرەبووی هەموو نەوتی عێراق ناکاتەوە، بەڵام ئێمە ئامادەین بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت.
لەبارەی بابەتی سیستەمی ئەسیکۆداش، هەرێمی کوردستان نەی گوتووە ئەسیکۆدا جێبەجێ ناکەین بەڵکو تەنیا داوای کاتمان کردووە بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی بکرێت، بە تایبەتی کە ئێستا لە دۆخێکی ئابووری و بازرگانی زۆر خراپداین و چالاکی بازرگانی زۆر کەم بووە.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە