
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری کاراکردنی سیستمی (ئی-پەروەردە)ی دا بۆ تۆمارکردنی نمرەکانی وەرزی یەکەمی قوتابیان و وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان و داخستنی سیستمەکەشی دیاری کرد.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردە، لە گشتاندنێکی فەرمیدا کە ئاڕاستەی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی کردووە، خشتەی کاتیی تۆمارکردنی نمرەکانی لە سیستمی ئەلیکترۆنی (ئی-پەروەردە) بۆ وەرزی یەکەم دیاری کرد. وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە پێویستە کارەکان بە وردی ئەنجام بدرێن، چونکە دوای داخستنی سیستمەکە، هەر هەڵە یان کەموکورتییەک لە تۆمارکردنی نمرەکاندا تەنها لە ڕێگەی یاداشتی فەرمیی “لیژنەی لێکۆڵینەوە”وە کاری لەسەر دەکرێت و بۆ وەزارەت بەرز دەکرێتەوە.
بەپێی خشتە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە، وادەکان بەم شێوەیە دەبن:
ڕاگەیاندنی نمرەکان: لە ڕۆژی 7ـی کانوونی دووەمی 2026 ((کارتی نمرەی وەرزی یەکەمی قوتابیان بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت.
ماوەی پەڵپگرتن: دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، 3 ڕۆژ وەک وادەی یاسایی دیاریکراوە بۆ ئەوەی قوتابیان بتوانن ناڕەزایەتی (پەڵپ) لە نمرەکانیان بگرن.
داخستنی سیستم: ڕۆژی 26ـی شوباتی 2026، دوا وادە دەبێت و سیستمەکە بۆ تۆمارکردنی نمرەی وەرزی یەکەم بە یەکجاری دادەخرێت، ئەمەش بە مەبەستی دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی دووەمی خوێندن.
وەزارەتی پەروەردە داوا لە خوێندنگەکان دەکات لە کاتە دیاریکراوەکاندا کارەکانیان تەواو بکەن بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەک بۆ مافی قوتابیان دروست نەبێت.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە