
حوسام حەسەنی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، دەڵێت: ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەسەند دەکات، سبەینێش چوارچێوەی هەماهەنگی كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران یەكلادەكاتەوە.
حوسام حەسەنی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “العهد”وتی: چوارچێوەی هەماهەنگی بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ کردووە و بەشداری گفتوگۆی جددی و قووڵی کردووە بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسییەی سەرۆکایەتی وەزیران و لە كۆبونەوەی رۆژی دووشەممەی داهاتوو میکانیزمی هەڵبژاردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران کۆتایی پێدەهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: چارەسەرکردنی پۆستی سەرۆک وەزیران هانی هێزو گروپە سیاسییەکانی دیکە دەدات بۆ خێراکردنی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانیان.
دووپاتیشی کردەوە: چوارچێوەی هەماهەنگی هانی هێزە سونییەکان دەدات بۆ ئەوەی بە زووترین کات پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەكلابكەنەوە.
ئەو بەرپرسە رەوتی حیكمە جەختی لەوە شکردەوە: چوارچێوەکە قبوڵ ناکات سەرۆکی داهاتووی پەرلەمان كەسایەتیەكی لاوازو رووكەشی بێت، چونكە قۆناغی داهاتوو پێویستی بە کەسایەتی کاریگەر هەیە کە توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی هەبێت.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە