
ئەمڕۆ یەکشەممە 10/19، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دووسایدی گۆمەسپان-سماقووڵی كردەوە.
لە گوتارێكدا كە لە ڕێورەسمی كردنەوەی دووسایدەكەدا پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكومەت ڕایگەیاند كە دوای ساڵێك لەو بەڵێنەی بۆ دروستكردنی ئەم پرۆژەیەی بە خەڵكی كوردستانیان دابوو، جارێكی تر بەڵێنەكەیان جێبەجێ كردووە و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا دووسایدەكە تەواو كراوە.
هەروەها باسی لەوەش كرد ئەم پرۆژەیە بەشێكە لە پرۆژەیەكی گەورەتر كە لە شاری هەولێرەوە دەست پێ دەكات و ڕۆڵی دەبێت لە ئاسانكردنی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین.
ئەمەش دەقی گوتارەكەیە:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان
ئامادەبوانی هێژا
زۆر بەخێر بێن و سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم
پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و ئێوەی بەڕێز و خۆمان دەكەین بۆ ئەم دەستكەوتە گەورەیە، بۆ ئەم پرۆژە نایابە كە بێگومان خزمەتێكی زۆری خەڵكی كوردستان دەكات.
دەستخۆشی لە كۆمپانیای (هێمن گرووپ) و بەڕێز خالید خۆشناو دەكەم كە جارێكی تریش سەلماندیان خەمخۆری ئەم گەلەن و توانییان ئەم پرۆژەیە بە باشترین شێوە و لە كاتێكی زۆر كورتدا جێبەجێ بكەن.
ئەو ئەندازیار و هەموو ئەو كەسانەی لە كۆمپانیای (هێمن) كار دەكەن، بە دڵسۆزییەوە شەو و ڕۆژ كاریان لەسەر ئەم پرۆژەیە كرد كە ئەمڕۆ دەیبینن تەواو بووە.
دوای ساڵێك كە بەڵێنمان دا ئەم پرۆژەیە جێبەجێ دەكەین، ئێستا لێرەین كە بڵێین جارێكی تریش بەڵێنێكی تریشمان جێبەجێ كرد.
سەرەڕای هەموو ئەو قەیران و گرفتانەی كە بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكرێن، سەرەڕای ئەو هەموو كێشە و گرفتانەی كە بۆ ئابووریی كوردستان و پێشخستنی كوردستان دروست كران، ئێمە ئێستا وەستاوین بەرانبەر بە خەڵكی كوردستان، بەرانبەر بە هەموو جیهان كە پێیان بڵێین: ئەگەر ئیرادەی بەهێز هەبێت و نیشتمانپەروەری دڵسۆز هەبن، هیچ شتێك مەحاڵ نییە. ئەم دەستكەوتە بەرهەمی ڕەنج و خەبات و دڵسۆزیی ڕۆڵەكانی ئەم وڵاتەیە كە ئێستا دەیبینن.
من جارێكی تر دەستخۆشی لە هێمن گرووپ دەكەم و پیرۆزباییش لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم. هیوادارم ئەم پرۆژەیە بكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیيانی هەرێمی كوردستان، چ ئەوانەی هاتوچۆی پێدا دەكەن، یانیش بۆ مەرامی گەشتوگوزاری سەردانی ئەم ناوچەیە دەكەن.
ئەم دووسایدە بەشێكە لە پرۆژەیەكی گەورەتر كە لە شاری هەولێرەوە دەست پێدەكات، بەڵام ئەم بەشەی كە ئێستا ئێمە ئامادەین لێی، دووسایدی سماقووڵی – گۆمەسپان كە بە دەوری بەنداوی گۆمەسپانیش دەسووڕێتەوە، ئەمە ڕێخۆشكەر دەبێت بۆ بەستنەوەی پارێزگای هەولێر بە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ئاسانكاریی هاتووچۆ بۆ خەڵكی ئەم دەڤەرانە دەكات. لە لایەكی ترەوە ئاسانكاری دەكا و یارمەتیدەر دەبێ بۆ كەمكردنەوەی ڕووداوی هاتوچۆ، بە تایبەتی كە شەقامی لەم ئاستە و بەم جۆرە دروست دەكرێ، بێگومان ڕووداوی هاتوچۆش كەمتر دەبن و دەبینین كە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان دوای ئەوەی كە شۆڕشی دروستكردنی ڕێگەوبان لە كوردستان دەست پێكراوە، دەبینین كە ڕووداوی هاتوچۆ بە ڕێژەیەكی بەرچاو كەمیان كردووە.
من داوا لە هەموو خوشك و برایانی خۆشەویست دەكەم، هەموو هاووڵاتیيانی خۆشەویست دەكەم كە ڕەچاوی ڕێنماییەكانی هاتوچۆ بكەن. ئەو ڕێنماییانەی كە لە وەزارەتی ناوخۆ و لە پۆلیسی هاتوچۆ دەردەچن، هەمووی بۆ سەلامەتیی هاووڵاتیيانە، بۆ خۆتان و بۆ هاووڵاتیيانی تریش هەوڵ بدەن كە ئەو ڕێنماییانە لەبەرچاو بگرن و هەم خۆتان و هەم خەڵكی تریش بپارێزن.
داوایەكی تریشم هەیە لە هەموو خوشك و برا بەڕێزەكانم، كوردستان وڵاتێكی جوانە و ئەم جۆرە پرۆژانەش بێگومان جوانتری دەكەن، بەڵام زۆریشی لەسەر خۆمان ماوەتەوە كە ئەم جوانییە بپارێزین و بە پاكی ڕابگرین. من چەندین جار داوام كردووە لە هەموو خوشك و برایانی بەڕێز كە ژینگە بپارێزن، پاكوخاوێنیی ئەم وڵاتە بپارێزن، كوردستان ماڵی گەورەی ئێمەیە، ئەركی ئێمەیە ئەم ماڵە بپارێزین و بە جوانی ڕایانبگرین. سەرەڕای ئەو هەموو بانگەوازییە، بەڵام دیسانیش دەبینین كە هەندێك كەسی نابەرپرس بەداخەوە گوێ بە ژینگەپارێزی نادەن.
جارێكی تر هیوادارم و داوایان لێ دەكەم كە ژینگە بپارێزن، لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمیش ڕادەسپێرم كە ئەوان پێویستە ڕێكاری پێویست بگرنە بەر بۆ هەر كەسێك كە ڕێز لە خاكی ئێمە ناگرێ، لە ژینگەی ئێمە ناگرێ، لە وڵاتی ئێمە ناگرێ، تا چیتر چاوپۆشییان لێ نەكرێ و ئەو كەسانەی كە ژینگە پیس دەكەن، ڕووبەڕووی یاسا و سزای یاسایی بكرێنەوە. هیوادارم كەس ناچار نەبێت كە ڕووبەڕووی یاسای سزادان ببێتەوە بۆ پیسكردنی ژینگە، هەموویان هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن، بەڵام ئەگەر خوانەخواستە خەڵكانێك هەبن كە ڕێزیان بۆ وڵاتەكەی ئێمە نەبێت، بۆ خۆیان نەبێت، ئێمەش بێگومان ناچار دەبین ئەو وەختە ڕێكاری تر بگرینە بەر.
ئەم پرۆژەیە بەشێكە لە پرۆژەیەكی گەورەتر، ماستەرپلانێكی تۆكمە دانراوە بۆ ئەوەی ئەم شوێنە ببێتە شوێنێكی گەشتیاریی گرنگ كە خەڵكی هەولێر و خەڵكی هەموو كوردستان سوودی لێ وەربگرن و خەونی ئێمەش ئەوەیە كە كوردستان بە تێكڕا ببێت بە شوێنێك كە هەم هاووڵاتیيانی كوردستان لێی سوودمەند بن، هەم ئەوانەی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن چ لە عێراق، چ لە ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی، یانیش لە دەرەوە كە بێن و ئەم ناوچە گەشتیارییە جوانانەی هەرێمی كوردستان كە دەبینن، ئەوانە هەم خۆیان سوودیان لێ وەربگرن، هەم خەڵكی ئەم دەڤەرانە بتوانن لە ڕووی گەشتیارییەوە، لە ڕووی بووژانەوەی ئابوورییەوە سوودمەند بن لە هاتنی گەشتیارەكان.
بەرنامەی زۆرمان هەیە بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتیاری لەم ناوچەیە و لە ناوچەكانی تریش، چەندین پرۆژەی تریشمان بەدەستەوەیە و ئینشائەڵا ئەوانیش لە كاتێكی زوودا بگەنە ئەنجام و هەموویان بكەونە خزمەتی خەڵكی خۆشەویستی كوردستان.
من جارێكی تر دەستخۆشیتان لێ دەكەم و باوەڕ بكەن زۆر زۆر خۆشحاڵم كە دەبینم ئەم جۆرە پرۆژانە یەك بە یەك تەواو دەبن، ئینشائەڵا كوردستانمان ڕۆژ بە ڕۆژ ئاوەدانتر دەبێت و ئێوەش هەر ساخ و سەلامەت بن.
زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.