
ڕۆژی چوارشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە دانیێل كرێبەر باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.لە دیدارەكەدا باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئەڵمانیا ئەوەی دووپات كردەوە كە وڵاتەكەی هاوسۆز و پشتیوانی گەلی كوردستان دەمێنێتەوە. هەروەها خوازیاری ئەوە بوو لە بواری هەماهەنگیی ئەمنی و ئابووری و بابەتی كۆچبەران پەیوەندیی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت و بەرەو پێشەوە بچێت. جەختیشی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا فاكتەری ئارامی و سەقامگیرییە و دەبێ پاڵپشتی بكرێت.هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی باڵیۆزی ئەڵمانیای كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست. هەروەها پێزانینی بۆ ڕۆڵی ئەڵمانیا لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا هەبوو، و پێشوازیشی لە پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا كرد.پەیوەست بە بابەتی تیرۆر، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ڕاستە تیرۆریستانی داعش لەڕووی سەربازییەوە شكستیان خواردووە بەڵام هۆكارەكانی پشت سەرهەڵدانی تیرۆر هێشتا هەر ماون، و مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەی تیرۆر لە عێراق و سووریا و ناوچەكە پێویستی بە وردبینی زیاتر و هەماهەنگیی نێوان لایەنەكان هەیە.پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و دواپێشهاتەكانی سووریا و هەروەها هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەوەری تری ئەو دیدارە بوون