نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / مەسروور بارزانی: حكوومەت بەردەوام دەبێت لە چەسپاندنی بنەماكانی بەیەكەوەژیانی ئاشتییانە

مەسروور بارزانی: حكوومەت بەردەوام دەبێت لە چەسپاندنی بنەماكانی بەیەكەوەژیانی ئاشتییانە

مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەشداریی لە كۆنفرانسی ئەكادیمیای نيقییە كرد و رای گەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە چەسپاندنی بنەماكانی بەیەكەوەژیانی ئاشتییانە

ئەمڕۆ شەموو 27ـی ئەیلوول، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، دەتوانم بەشانازییەوە بڵێم كە بەیەكەوەژیانی ئاشتییانە، یەكێكە لە تایبەتمەندی و سیمای گەشەكانی كۆمەڵگەی كوردستان؛ بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەم كولتوورە پێویستی بە پتەوكردنی زیاتر و دەوڵەمەندكردن و بەهێزكردنە كە ئەركی هەر هەموومانە لەم پێناوەدا.

سەرۆكی حكوومەت گوتی، هەرچی پێمان بكرێت ئەنجامی دەدەین، بەتایبەیش ڕوو لە كەسایەتی و مامۆستایانی ئاینی بەڕێزی هەموو ئاین و ئاینزاكان دەكەم كە لەم ڕووەوە ڕۆڵ و ئەرك و بەرپرسیاریەتی گرنگ و كاری خۆیان بگێڕن، بەها و بنەما باڵاكانی خۆشەویستی و تەبایی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی لە نێوان پێكهاتە جۆراوجۆرەكاندا بەهێزتر و قووڵتر بكەنەوە.

باسی لەوەش كرد، لەم پێناوەشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبێت لە چەسپاندنی بنەماكانی بەیەكەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادی ئاینی و تەبایی و دۆستایەتی نێوان پێكهاتەكانی كوردستان.

روونی كردەوە، ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندین و باوەڕی تەواومان بە پاراستن و داكۆكیكردن لە هەمەڕەنگیی ئاینی و نەتەوەیی و كولتووری هەیە؛ لەم چوارچێوەیەدا بەردەوامین لە پاڵپشتیكردن و پاراستنی زمانی سریانی، زمانی كلدان و ئاشووری و ئارامی، ئەو زمانەی حەزرەتی عیسای مەسیح (درودی خوای لەسەر بێت) قسەی پێ دەكرد.

باسی لەوەش كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سریانییەوە، پشتیوانی لە خوێندنی زمانی سریانی دەكات و ئێستە 50 قوتابخانەی تایبەت بە زمانی سریانی لە هەرێمی كوردستاندا هەن كە هەزاران قوتابی بەم زمانە كۆن و دێرینە دەخوێنن، هەروەها ساڵی ڕابردووش بەپشتیوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان یەكەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە هەولێر بەڕێوەچوو.

دەشڵێت، جگە لەمەش، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینییەوە، هاوشان لەگەڵ گرنگیدان بە مزگەوتەكان و پەرستگە و شوێنی پیرۆزی هەموو ئاینەكان، هاوكاری و پشتیوانی كەنیسەكانیش دەكات و بەخۆشحاڵییەوە لێرە ڕادەگەیەنین كە بەمزووانە چوار كەنیسەی نوێ لە هەولێر و دهۆك دەكرێنەوە.

ئاماژە بەوە كرد، بەهاری ئەمساڵ بۆ یەكەمین جار لە كوردستان و لە دەستپێشخەرییەكی ناوازەدا، بەسەرپەرشتی و ئامادەبوونی جەنابی سەرۆك بارزانی و بە بەشداریی سەتان كەسایەتی ئاینی و سیاسی و كۆمەڵایەتی لە سەرانسەری دنیا، ڕۆژی نزای نیشتمانی لە هەولێر بەڕێوەچوو كە هیوادارین وەك نەریتێكی ساڵانە و ئەم گردبوونەوەیە، لە پێناو بەهێزكردنی بەهاكانی بەیەكەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی و ئازادی ئاینی لە هەولێر ئەنجام بدرێت.

“ئەم كارنامە و پڕۆژە و دەستپێشخەرییانە، دووپاتكردنەوەی ئەوەیە كە كوردستان نیشتمانی هەموومانە، وەك چۆن پێكهاتەكانی كوردستان بەیەكەوە دووچاری ستەم و زۆرداری و داگیركاری بوونەتەوە، ئەمڕۆش بەیەكەوەین لە پێناو بنیاتنان و ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان و پێشخستنی نیشتمانەكەمان”، مەسروور بارزانی وای گوت.

لە بەشێكی قسەكانی رای دەگەیەنێت، من دەمەوێت لێرەدا ئاماژە بە خاڵێكی گرنگی ڕووداوێكی مێژووییش بكەم كە ئەم چەند ڕۆژە بینیمان، دوای دوو سێ ساڵێك لە وەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی دەرەوە، جارێكی تر ئەمڕۆ ئەم بەرهەمە، نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ماركێتی جیهانی هەناردە كرایەوە كە ئەم ڕێككەوتنە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی، دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ هەموو خەڵكی عێراق، بەتایبەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان.

دەشڵێت، من دەستخۆشی لە هەموو ئەو كەسایەتییانە و ئەو لایەنانە دەكەم كە ڕۆڵێكی گرنگیان گیڕا لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیە. لێرەدا حەز دەكەم ئاماژە بدەم بە ڕۆڵی بەتایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا چ لە واشنتن و چ باڵوێزیان لە بەغدا یان كونسوڵیان لێرە لە هەولێر، بەڕاستی پاڵپشتیی گەورە بوون بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە، هەروەها جارێكی تر هیوادارم كە ئەم گرێبەستە، ئەم ڕێككەوتنە ببێتە هۆكاری پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و لە خزمەتی هەموو هاووڵاتییاندا بێت.

بەپەلە

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق دەکات

ئه‌مڕۆ چوارشەممە‌ 8ی تشرینی یه‌كه‌م، مەسرور بارزانى سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ دانيێل كرێبه‌ر …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *