
لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، سهرهخۆشیمان ئاراستەی بنهماڵه و كهسوكار و هاوڕێيانى خوالێخۆشبوو سەعد خالید وەزیری پێشووتری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان کرد .
بڕگەی یەکەم، گفتوگۆکردن بوو لەسەر دوا پێشهاتی هەردوو دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکان ودەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و تاوتوێ کردنی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ لەسەر ئەم دوو بابەتە.
سەبارەت بە بابەتی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نا نەوتییەکانی هەرێم، جەختمان کردەوە کە پێشنیاری هەرێم سەبارەت بە پۆڵێنکردنی داهاتی نانەوتی و شێوازی هاوبەشی پێکردنی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ پشتبەست بە هەردوو یاسای فیدڕاڵیی بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019 و یاسای بودجەی فیدڕاڵ ژمارە 13 ساڵی 2023 وبڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی کە بە ڕوونی چوارچێوەی یاسایی ئەم بابەتەیان دیاریکردووە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات پێشنیاری حکومەتی هەرێم بکاتە بنەما بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتی داهاتە نانەوتییەکان کە پشتبەستە بە یاسا فیدڕاڵییەکان و بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی ، تا چیدی نەبێتە ئاستەنگی بەردەم خەرجکردنی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم. لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم داوای شایستەکانی خۆی بە گوێرەی یاسا دەکات ئەمەش وا دەخوازێ حکومەتی فیدڕاڵ، پێشنیار و تێڕوانین یاسایی حکومەتی هەرێم لەمبارەیەوە قبوڵ بکات.
سەبارەت بە بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمیش، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، هەموو ئەو هەنگاو و ڕێکار و ئاسانکارییانەی وەزارەتەکەی خستەڕوو کە لە پێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئەنجامیان داوە و بەردەوامیشە لە هەوڵەکانی خۆی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش و هاوسەنگی سێ لایەنە کە لە بەرژەوەندی گشتی بێت بە ئاراستەی هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕانەوەی داهاتەکەی بۆ گەنجینەی فیدڕاڵیی، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ڕاسپێردرا بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتە هەڵپەسێردراوەکان و لابردنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک.
بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی کۆنووسی هاوبەشی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان تایبەت بە پێشنیاریان سەبارەت بە پیادەکردنی یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە ژمارە (38)ی ساڵی 2007 بۆ ئەو خانەنشینانەی کە ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە .
لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پشتیوانی لە هەر ڕاسپاردە و بڕیارێک دەکات لە بەرژەوەندی هێزەکانی پێشمەرگە بێت، بە ئاراستەی باشترکردنی مووچەی خانەنشینی و شایستەداراییەکانیان.
بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتی دارایی و ئابووریمان ڕاسپارد لەگەڵ دەستەی خانەنشینی نیشتیمانیی فیدراڵ، ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی باشترین بژاردەی یاسایی کە دابینکەری باشترین مووچەی خانەنشینی بێت بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کە شایانی باشترین خزمەتن ، بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندی هێزەکانی پێشمەرگە و وەک بەشێکی گرنگ لە سیستمی بەرگری نیشتیمانیی کە بەرپرسیاریەتی بەرچاویان هەیە لە پاراستنی خاک و نیشتیمان، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد بۆ ئەوەی بە زووترین کات مووچەی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە خەرج بکات کە دواکەوتووە.
لە بڕگەی سێیەمدا،ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ئاسانکاریی پێویست بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە پێشتر سوودمەند بوون لە پێشینە وقەرزەکانی بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی بکات، ئەویش بە لێخۆشبوون بە ڕێژەی 15٪ ی بڕی ئەو پێشینە و قەرزانە، سەرەڕای لێخۆشبوون لە تەواوی سوودی بانکیی و پێبژاردنی دواکەوتنی دانەوەی قەرزەکان، ئەم ئاسانکارییەش تاوەکو 2025/12/31 بەرکار دەبێت بۆ ئەو هاووڵاتیانەی دەیانەوێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرن. وەزارەتی دارایی وئابووریمان ڕاسپارد ڕێنمایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەربکات.