
ئامادەین له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆ بكه‌ین سه‌باره‌ت به یاسای نوێی نه‌وت”
“به پێی یاسا و ده‌ستووری عێراق مووچه‌خۆرانی كوردستان مافی خۆیانە مووچه‌كانیان له كاتی خۆیدا به‌بێ هیچ دواكه‌وتن و كێشه‌یه‌ك وه‌ربگرن”
“حكوومەت و دەزگا ئەمنییەكانی كوردستان باش دەزانن چ لایەنێك لەپشت هێرشە درۆنییەكانەوەیە، بەڵام چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەكەین”
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نیگه‌رانیی خۆی له باره‌ی به‌كارهێنانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی كه كراوه‌ته كارتێكی سیاسیی له ناكۆكییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر. ده‌شڵێت، به‌پێی یاسا و ده‌ستووری عێراق، مووچه‌خۆران مافی خۆیانه به‌بێ دواكه‌وتن مووچه‌كانیان وه‌ربگرن.
ئەمڕۆ شه‌ممه، 26ـی ته‌ممووزی 2025، مه‌سرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هه‌رێمی كوردستان له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (الشرق نیوز) كه پوخته‌یه‌كی لێ بڵاو كراوه‌ته‌وه، جه‌ختی لەوە كرده‌وه، مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی یاسا و ده‌ستووری عێراق مافی خۆیانە مووچه‌كانیان له كاتی خۆیدا به‌بێ هیچ دواكه‌وتن و كێشه‌یه‌ك وه‌ربگرن.
مه‌سرور بارزانی، هاوكات نیگه‌رانیی خۆی ده‌ربڕی له‌وه‌ی پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ته كارتێكی سیاسی. ده‌شڵێت: ئه‌مه كارێكی قەبووڵكراو نییه، چونكه ته‌نانه‌ت دادگای فیدراڵی بڕیاری له باره‌ی مووچه داوه و جه‌ختی كردووه‌ته‌وه لەوەی كە نابێت ببێته به‌شێك له ململانێكانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر.
سەرۆكی حكوومەت گوتووشیه‌تی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی یاسا، ده‌ستوور و دادگای فیدراڵیش پشتیوانیی له ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ڵام مووچه‌ی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی سێ مانگ دواكه‌وت و چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، ته‌نیا مووچه‌ی مانگی ئایار له لایه‌ن به‌غداوه خه‌رج كرا.
مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ هاتووه‌ته ناو ورده‌كارییه‌كانی مووچه و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش پێشێلكردنی ده‌ستووری عێراق و مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه.
مەسرور بارزانی جه‌ختیشی لەوە كردووه‌ته‌وه، چاره‌سه‌ری ده‌ستوورییانه‌ی ئه‌م پرسه، بریتییه له ڕێككه‌وتن له نێوان به‌غدا و هه‌ولێر له‌سه‌ر به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی گشتیی داهاتووی فیدراڵی. گوتیشی: ”ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆ بكه‌ین سه‌باره‌ت به یاسای نوێی نه‌وت.“ تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ش، هه‌ولێر هه‌وڵ دەدات له‌گه‌ڵ به‌غدا هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بێت بۆ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان له‌باره‌ی هێرشه درۆنییه‌كانی سه‌ر كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان گوتی: ”حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ده‌زانن چ لایه‌نێك له پشت ئه‌و هێرشانه‌وه‌یه، به‌ڵام به باشی ده‌زانن چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بكه‌ن.“ هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ش كرد، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به دڵنیاییه‌وه له‌م باره‌وه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی و حكوومه‌تی فیدرالی له هه‌ماهه‌نگیدایه.
له‌باره‌ی ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه‌ش، مه‌سرور بارزانی دووپاتی كرده‌وه، هه‌ر ئاڵۆزییه‌كی ئه‌منی له ناوچه‌كه، كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌ی نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌موان ده‌بێت.
سەرۆكی حكوومەت سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و سعوودیه و ئێران ڕایگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ڕیاز زۆر باشن و مێژوویین، هاوكات هه‌ولێر ڕێز له په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ تاران و وڵاتانی دراوسێی ده‌گرێت و نایه‌وێت ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر هیچ یه‌كێك له وڵاتانی دراوسێی و هاوكات به‌شێكیش نه‌بووه له كێشه‌كانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
له باره‌ی سووریاشەوە، گوتی: ”پێویسته دیمه‌شق ده‌رگا به ڕووی كورددا بكاته‌وه و داواكارییه‌كانی كوردی سووریا جێبه‌جێ بكات.