
نوسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و کە تێیدا سیستانی سەرکۆنەکردنی دووپاتکردنەوە لەبەرامبەر هێرشکردنە سەر ئێران و بەئامانجگرتنی فەرماندە سیاسییە باڵاکانی ئەو وڵاتە.
مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق هۆشداری دەدات و هێرشەکان بەرامبەر ئێران بە تاوان لە قەڵم دەدات، هەروەها نووسیویەتی: “جگە لەوەی پێشێلکارییەکی ئاشکرای پێوەرە ئایینی و ئەخلاقییەکان و پێشێلکارییەکی زەقی دابوونەریت و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بۆ دۆخی تەواوی ناوچەکە ئەنجامی زۆر خراپی لێدەکەوێتەوە.”
عەلی سیستانی دەڵێت: رەنگە دۆخەکە ببێتە هۆی ئەوەی بەتەواوەتی لە کۆنترۆڵ دەربچێت و پشێوییەکی گەورە دروست بێت کە ئازار و مەینەتیی گەلانی ناوچەکە زیاتر دەکات و تا دوورترین ئاست زیان بە بەرژەوەندییەکانی هەمووان دەگەیەنێت.”
مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق دەڵێت: “لێرەوە، بانگەواز لە هەموو لایەنە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکان و وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی وڵاتە ئیسلامییەکان، دەکەین هەموو توانایەکی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ راگرتنی ئەم شەڕە ستەمکارانەیە و دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە و دادپەروەرانە بۆ دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی.”