
سەرۆك بارزانی لە سەڵاحەدین پێشوازیی لە شاعیری گەورەی كورد مەدحەت بێخەو كرد، سەرۆك بارزانی وێڕای هەواڵپرسینی، ڕۆڵی مامۆستا مەدحەت بێخەوی لە بزاڤی ئەدەب و ڕۆشنبیریی كوردی و دەوڵەمەندكردنی ئەدەبیاتی شۆڕش و نیشتمانپەروەری و كوردایەتی بەرز نرخاند.
ئەمڕۆ دووشەم 19ی ئایار، لە سەڵاحەدین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازیی لە شاعیری گەورەی نەتەوەیی كورد مەدحەت خدر عەبدوڵا ناسراو بە “مەدحەت بێخەو” كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی وێڕای هەواڵپرسینی، ڕۆڵی مامۆستا مەدحەت بێخەوی لە بزاڤی ئەدەب و ڕۆشنبیریی كوردی و دەوڵەمەندكردنی ئەدەبیاتی شۆڕش و نیشتمانپەروەری و كوردایەتی بەرز نرخاند.
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە سروودی (ئێمە پێشمەرگەین هەتا ماوین لە ژین)دا كرد كە شیعری مامۆستا مەدحەت بووە و بە دەنگی هونەرمەندی گەورەی گەلەكەمان فوئاد ئەحمەد گوتراوەتەوە، هەروەها لەڕێگەی چەندان سروود و شیعری نەتەوەیی تر جێدەستی مامۆستا مەدحەت لە پێشخستنی گیانی نەتەوەخوازی و خۆشەویستیی نیشتمان لەناو ڕیزەكانی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان دیار بووە.
سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە ئەرك و ماندووبوونی مامۆستا مەدحەت بێخەو كرد لە خزمەتكردنی بواری شیعر و سروودی منداڵانی كوردستان و هیوای لەشساغی و تەمەندرێژیی بۆ مامۆستا مەدحەت بێخەو خواست.
مەدحەت خدر عەبدوڵا و نازناوی بێخەوە و لە ساڵی 1934 لە مەخمووری سەربە پارێزگای هەولێر لە دایك بووە، ساڵی 1940 لەگەڵ بنەماڵەكەی هاتووەتە هەولێر. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەولێر تەواو كردووە. لە سەردەمی ڕژیمی بەعسی لە ناوچوو چەندان جار گیراوە، ساڵی 1953 یەكەم هەڵبەستی خۆی بە ناوی ڕاپەڕینی جووتیارانی دەشتی هەولێر نووسیوە، دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نووسەرانی كورد بووە لە هەولێر و لە زۆر كۆمەڵە و ڕێكخراوی مرۆیی و ڕۆشنبیری ئەندام بووە.
ئەم بەرهەمانەی بڵاو كردووەتەوە:
زەنگی كاروان ساڵی 1959
ڕابەری ژیان ساڵی 1968
داربەڕوو ساڵی 1973
وشەی ئاوات ساڵی 1978
ڕەگەكان ساڵی 1983
دیاری بۆ منداڵانی كوردستان ساڵی 2003.
كۆمەڵیك بابەتی تری ئەو شاعیرە ئامادەن بۆ چاپ وەك:
داستانە هەڵبەستی هەولێری دێرین
ڕاپەڕینی جووتیارانی دەشتی هەولێر كە ساڵی 1953 نووسراوە