
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ئافرەتانەوە پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: ڕێز و پێزانینی زۆرمان بۆ خەبات و تێکۆشان و ڕۆڵی دیاری ئافرەتانی کوردستان لە مێژووی گەلی کوردستاندا هەیە
ئەمڕۆ شەممە 8/3/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە بۆنەی هەشتی مارس، پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، پیرۆزبایی لە سەرجەم ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکەم.
لە پەیامەكەیدا هاتووە: ڕێز و پێزانینی زۆرمان بۆ خەبات و تێکۆشان و ڕۆڵی دیاری ئافرەتانی کوردستان لە مێژووی گەلی کوردستاندا هەیە کە هەمیشە نموونەی نیشتمانپەروەری و ئازایەتی و گیانفیدای و قوربانیدان بوون.
سەرۆكی حكوومەت لە پەیامەكەیدا سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەش: جێی خۆشحاڵییە ئەمڕۆ ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی بەرچاو و کارایان لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و پابەندیشین بە زیاتر ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە بەردەم ئافرەتانی کوردستان و بەرزکردنەوەی ڕێژە و ئاستی بەشدارییان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی بەڕێوەبردن، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژی و جیاکارییەک لە دژی ئافرەتان.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا دووپاتی دەكاتەوە: هەشتی مارس پیرۆز بێت و هیوای پێشکەوتنی زیاتر بۆ ئافرەتانی کوردستان دەخوازم.