
رونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر هه‌واڵێكی بێ بنه‌ما، ده‌رباره‌ی به‌ڕێز مه‌لا به‌ختیار
سایتێك، هه‌واڵێكی بڵاوكردۆته‌وه، گوایه، به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی، كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مه‌لا به‌ختیار كردووه، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ببێته لێپرسراوی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی یه‌كێتی. هاوكات چه‌ندین په‌یج و سایتی تر، هه‌واڵه‌كه‌یان بڵاوكردۆته‌وه. به‌م رونكردنه‌وه‌یه رایده‌گه‌یه‌نین كه‌وا:
1- دوور‌و نزیك، نه له رابردوودا و نه له ئێستا و نه له ئاینده‌شدا، به‌رێز مه‌لا به‌ختیار، ململانێی له‌گه‌ڵ هیچ تیكۆشه‌رێكی راسته‌قینه، له‌سه‌ر پله و پۆست، نه‌كردووه‌و نایكات. كه به‌ڕێز شێخ جه‌عفه‌ر یه‌كێكه له‌و تێكۆشه‌رانه. به‌ڵكو هه‌میشه له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و رێبازی جیاواز و سیاسه‌تی هه‌ڵه، بڕیار و به‌رنامه‌ی هه‌بووه.
2- به‌رێز مه‌لا به‌ختیار، خۆی به سیاسه‌تمه‌دارێكی یه‌ده‌كی یه‌كێتی نازانێ، هه‌تا یه‌كێتی له‌كاتی كێشه‌دا هانای بۆ به‌رن.
3- ئه‌و سایته‌ی یه‌كه‌مینجار، بۆ هه‌ر مه‌رامێك ئه‌م هه‌واڵه‌ی داتاشیوه، یان به هه‌ڵه هه‌واڵه‌كه‌یان پێگه‌یاندبێت. هه‌ق وابوو، بۆ ئه‌مانه‌ت و ئاكاری كاری رۆژنامه‌گه‌ری، پرسێكی له به‌ڕێز مه‌لا به‌ختیار یان سكرتێری رۆژنامه‌گه‌ری مه‌لا به‌ختیار كردبا، ئینجا هه‌واڵه‌كه‌ی بڵاوبكردایه‌ته‌وه.
سكرتێری رۆژنامه‌گه‌ری مه‌لا به‌ختیار
23/2/2025