
دوێنێ شەو لە لە ئەنجامی هێرشێکی تیرۆریستیدا بۆ سەر گوندێکی کوردانی کاکەیی سنووری خانەقین ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و بریندار بوون لەمبارەیەوە دکتۆر کەمال کەرکووکی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانی پارتی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و پەیامێکی بەپەلە ئاراستەی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ دەکات.
لە راگەیەندراوەکەدا کەرکووکی رایگەیاندووە: “داوا لە دەسەڵاتدارانی حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین بە ھەماھەنگی و ھاوکاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە پەلە بارودۆخی کەرکووك و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان (المناطق المتنازع عليها) ئاسایی بکەنەوە، بەتایبەت ئەو ناوچانەی لەدوای خیانەتی ١٦-ی ئۆکتۆبەر بەبێ پاراستنی پێشمەرگەی کوردستان ماونەتەوە”.
ئاماژەی بە ئەوەش داوە کە ” خیانەتی شانزەی ئوکتۆبەر بوو کە بووە ڕێخۆشکەر بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی جۆراوجۆر و ھەوڵی زیاتری تیرۆریستان بۆ ئەوەی دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکە لەبەر ھێرشی بەردەوامی چەکدارە نەناسراوەکان ناوچەکە چۆڵ بکەن و ئەوانیش خاکەکەمان داگیر بکەن”.
ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەندراوەکەیە:-
پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووك-گەرمیان
ماوەیەکە بە پیلان ھێرش دەکرێتە سەر ناوچەکانی سنووری خانەقین و دووز و داقوق و مەندەلی و کەرکووك و سەرگەڕان و مەخمور و دەوروبەری مووسڵ و شەنگال بەمەبەستی تۆقاندنی دانیشتووانی ئەو ناوچانە و بەمەبەستی چۆڵکردنی ناوچە کوردنشینەکان بۆ داگیرکردنیان و گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە.
زۆر بەداخەوە شەوی ڕابردوو ڕێککەوتی (١٣ لەسەر ١٤ی ٦ی٢٠٢٠) لە ھێرشێکی چەکداری بە مێشکی تیرۆریستانە بۆ سەر ھاووڵاتییانی سڤیلی کوردی کاکەیی لە گوندی مێخاس و دارا، لە سنووری قەزای خانەقین، کە شەش شەھید و سێ سەربەرزی دیکەش بریندار بوون.
لە کاتێكدا کە ھاوخەمی و ھاوسۆزیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەھیدە سەربەرزەکانمان دەکەین، لەھەمان کاتدا داوا لە دەسەڵاتدارانی حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین بە ھەماھەنگی و ھاوکاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە پەلە بارودۆخی کەرکووك و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان (المناطق المتنازع عليها) ئاسایی بکەنەوە، بەتایبەت ئەو ناوچانەی لەدوای خیانەتی ١٦-ی ئۆکتۆبەر بەبێ پاراستنی پێشمەرگەی کوردستان ماونەتەوە، گرینگە پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق بەھەماھەنگی بیانپارێزن نەك بەبێ پێشمەرگە و بە چەکداری تێکەڵاوی نەناسراو و، لە ئاکامدا ببێتە ھۆی ڕووداویی دڵتەزین. خیانەتی شانزەی ئوکتۆبەر بوو کە بووە ڕێخۆشکەر بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی جۆراوجۆر و ھەوڵی زیاتری تیرۆریستان بۆ ئەوەی دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکە لەبەر ھێرشی بەردەوامی چەکدارە نەناسراوەکان ناوچەکە چۆڵ بکەن و ئەوانیش خاکەکەمان داگیر بکەن.
سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدانی گوندی مێخاس و دارای سەر بەخانەقین و جێگایان بەھەشتی بەرین بێت.
سڵاو بۆ گیانی گشت شەھیدانی کورد و کوردستان
سەرکەوتن و سەربەرزیش بۆ ڕۆڵە دڵسۆزەکانی گەلەکەمانە
دکتۆر کەمال کەرکوکی
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکوك- گەرمیان