
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، خشتەی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی کوردستانى بۆ 2024 بەپێی راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە بڵاو كردەوە، كە بەپێی خشتەكە لە كۆی داهاتی ناوخۆ 145 ملیار دینار و 922 ملیۆن دینار لە داهاتەكە ماوەتەوە و ئەوانەی تر لە خەرجییەكانی بەكارخستن، وەبەرهێنان و ناردنی %50ی داهات بۆ بەغدا خەرج كراوە.
ئەمشەو چوارشەم، 15ی كانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، داتای داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی کوردستانى بۆ ساڵی 2024 بەپێی راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە بڵاو كردەوە.
بەپێی داتاكان، داهاتی نانەوتی بۆ ساڵی 2024 بریتی بووە لە چوار تریلیۆن و 347 ملیار و 484 ملیۆن و 382 هەزار دینار، لەم بڕەیشدا زیاتر لە 652 ملیار كە دەكاتە %15ی چوار تریلیۆنەكە بە پارەی نەختینە وەرنەگیراوە و بریتین لە قەرز، چەك و پێوانە.
نزیكەی 961 ملیاریشی لە داهاتی نانەوتی بۆ تەواوكاریی مووچەی مانگانە تەرخان كردووە، بەهۆی ئەوەی بەغدا پابەند نەبووە بە ناردنی مووچەی مووچەخۆران بەگوێرەی تەرخانكراوی بودجە.
لە داتاكان هاتووە، ساڵی پار لە داهاتی نانەوتیدا، زیاتر لە 426 ملیار دینار بۆ خەرجییەكانی وەبەرهێنان بووە و تریلیۆنێك و 762 ملیۆنیش بۆ خەرجییەكانی بەكارخستن كە تەواوی خەرجییەكانی حكوومەت دەگرێتەوە جگە لە خەرجی وەبەرهێنان.
لە داتاكان ئەوەیش هاتووە كە 399 ملیار و 168 ملیۆن بۆ بەغدا نێردراوە كە %50ی داهات بووە بۆ بەغدا، 145 ملیار و 922 ملیۆنیش ماوەتەوە لە چوار تریلیۆنەكەی داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2024.
