
ئەمڕۆ چوارشەممە 15/1/2025، لە سەڵاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە خاتوو ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد.
لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و سووریا ئاڵوگۆڕ کرا. هەروەها جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەستخۆشیی لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ ناردنی نوێنەری تایبەتی خۆی بۆ سووریا و دیدار لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی سووریا و جەختیشی لەوە کردەوە ئەمریکا پشتگیریی هەموو هەوڵێک دەکات کە ببێتە هۆی لەیەکنزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکان و هەروەها بەدیهاتنی سەقامگیری لە سووریا و ناوچەکە.
لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا، پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان تاوتوێ کرا.
هەر لەو دیدارەدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ دانوساندنی نێوان لایەنەکان و خێرابوونی هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی کابینەی تازەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
هەڕەشەکانی دەرکەوتنەوەی تیرۆر و پێویستیی پاراستنی سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە تەوەری تری ئەو دانیشتنە بوون.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە