
بڕیارە لە سەرەتای مانگی داھاتوودا یاسای چاكسازی بخرێتە واری جێبەجێكردنەوە، بەرپرسێكی پارتیش پێی وایە، ئەنجامدانی چاكسازی بێ ئاستەنگ نییە، بەڵام ئەمجارە چاكسازی ئەنجام دەدرێت و پارتیش بە ھەموو توانایەك پاڵپشتی حكوومەتە بۆ چاكسازی.
بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی،: “ئێمە وەك پارتی بە ھەموو توانای خۆمان پاڵپشتی و پشتگیری لە جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازی دەكەین لە ھەرێمی كوردستان، پێشتریش رامانگەیاندووە لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستانین بۆ چاكسازی، چونكە دەمانەوێ یەكسانی جێبەجێ بكرێت و بە ئەنجامدانی چاكسازی دەتوانین وڵاتی خۆمان بەرەو پێشەوە ببەین”.
بەرپرسەكەی پارتی دەڵێت: “پارتی ھەموو كات لەگەڵ چاكسازی و پێداچوونەوە بووە بە ھەموو بوارەكاندا، دیارە لە پەرلەمانیش فڕاكسیۆنی پارتی یەكێك بوو لەو فڕاكسیۆنانەی زۆر بە جیددی كاری بۆ پەسەندكردنی یاسای چاكسازی دەكرد و لە كاتی جێبەجێكردنیشیدا ھەموو ھاوكارییەكی حكوومەت دەكەین”.
پەیوەست بە ئاستەنگەكانی بەردەم چاكسازی، بڵند ئیسماعیل روونی كردەوە: “دیارە شتێكی شاراوە نییە، ھەندێ ھێز و كەس دژی ئەنجامدانی چاكسازین، چونكە ئەگەر چاكسازی بكرێت، ئەوە بەرژەوەندییەكانیان دەكەوێتە مەترسییەوە، لەبەر ئەوەش ئاستەنگ بۆ ئەنجامدانی چاكسازی دروست دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەڵێنی داوە و لە كاتی خۆیدا یاسای چاكسازی دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە”.