نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك بارزانی كۆمیتەی ناوەندی پارتی كۆبووه‌وه‌ و راگه‌یه‌ندراوێكیان له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بڵاوكرده‌وه‌

به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك بارزانی كۆمیتەی ناوەندی پارتی كۆبووه‌وه‌ و راگه‌یه‌ندراوێكیان له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بڵاوكرده‌وه‌

ده‌قی راگەیاندراوی كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان:

بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆك، كۆمیتەی ناوەندی پارتیمان ئەمڕۆ چوارشەممە 12/7/2023 بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆك و ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی و ئەندامە یەدەگەكان و بەرپرسانی لقەكانی پارتیمان كۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجامدا.

دوای گفتوگۆ  و بیروڕا گۆڕینەوە لە سەر بابەتە هەنوكەیی و گرنگ و كاریگەره‌كان لە جیهان و ناوچەكە بە گشتی و، عێراق و كوردستان بەتایبەتی، ئەم تەوەرانەی خوارەوە مناقەشەكران و، بۆ ئەو بابەتانەی كه‌ پێویستبوو بڕیاریان بۆ وەرگیرا:

1. تەوەری یەكەم: بارودۆخی گشتیی نێودەوڵەتی: رووداوەكانی ئێستای جیهان بەشەڕ و بەهاوپەیمانی، گۆڕانی هاوكێشە سیاسی و عەسكەریەكان و قەیرانەكان لێكەوتەیان لەو رووانەوە بۆسەر تەواوی دەوڵەتان هەیە و، سیاسەت و بەرنامەكانی ئەمه‌ریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی گشتی بووەتە مایەی نیگەرانی هاوپەیمانەكان. بەشێك لەم لێكەوتانە راستەوخۆ هەندێكیش ناڕاستەوخۆ كاریگەریان لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە.

2. تەوەری دووەم: بارودۆخی هەرێمایەتی: پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌ گفتوگۆی لە سەركرا و، بە پێویستزانرا رێز لە سەروەریی وڵاتان بگیرێ‌ و پاراستنی ئەمنیەتیان بە گرنگ دەزانرێ، نابێ‌ لە هەرێمەوە هەڕەشە ئاراستەی ئەو وڵاتانە بكرێت و پێویستە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە لە بواری سیاسی و ئەمنی و ئابووری لەبەرچاو بگیرێ‌ و بپارێزرێ‌.

3. تەوەری سێیەم: بارودۆخی عێراق: بابەتی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت باسكرا بەتایبەتی ئەو پاشەكشێیەی بەرامبەر پێكهاتەكانی نێو هاوپەیمانیەتیەكە هەستپێدەكرێ‌ و، جێبەجێنەكردنی مادەكانی ئەو رێككەوتن و هاوپەیمانیەی كە حكومەتی لە سەر تەشكیلكراوە جێی نیگەرانی جددییە و لێكەوتەی ئەم شێوە مامەڵەكردنە لەگەڵ هاوپەیمانیەتیەكە زیانی بۆ كۆی حوكمڕانی عێراق دەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەم پاشەكشێیه‌ی بەشێكی لایەنەكان كه‌ روویداوە، پشتگیری سەرۆكوەزیرانی حكومەتی فیدراڵی دەكەین و هیوادارین بەسەر ئاستەنگ و رێگرییەكان سەركەوتووبێت لە جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەكه‌ی كە رێككەوتنی لە سەركراوە.

4. تەوەری چوارەم: كۆبوونەوە پاڵپشتی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و هەنگاوەكانی بۆ چارەسەری كێشە و گرفتەكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ بەرزنرخاند و هەروەها هەوڵەكانیان لە چارەسەری بابەتی بوودجە و دابینكردنی مووچە و بژێوی ژیان و ئەمنییەتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە پەسەندزانی.

5. تەوەری پێنجەم: تەوەری بارودۆخی ناوخۆی هەرێم: هەڵبژاردن و هەڵوێستی پارتیمان سەبارەت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەو هەنگاوانەی كە تاكو ئێستا هاوێژراون لە سەرۆكایەتی هەرێم و كۆبوونەوە لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق، هەروەها هەنگاوەكانی پارتیمان بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی هەرێم و ڕەخساندنی كەش و هەوایەكی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بۆ ئەم مەبەستەش زیاتر رێكخستنەوەی پەیوەندییەكان لە نێوان لایەنەكانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی و رێككەوتن لە سەر رێكارە یاساییەكان. لەو پێناوەدا بەردەوامدەبین لە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ لایەنەكان و هەوڵدەدەین ئاستەنگ و كێشەكان چارەسه‌ربكەین و ئیدارەی بارودۆخەكە بدەین بەشێوەیەك جیاوازییەكان ڕێگرنەبن لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن و سیاسی دا.

6. تەوەری شەشەم: بارودۆخی ناوخۆی پارتیمان: بەڕوونی باس لە شێوازی كاركردنی ئۆرگانەكان و كاركردنی هەڤاڵانی بەرپرس و كادیرەكان لەم قۆناغەدا كرا، بەتایبەتی گرنگیدان و پابه‌ندی بە پڕۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆ، هەروەها بایەخدان بە بابەتی ئافرەت و گەنج و كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگەكان لە ئەولەویاتی كارەكان بێت. هه‌روه‌ها سەبارەت بەو پەلامار و هێرشانەی دەكرێتە سەر پارتی، دەبێ‌ هەوڵەكانمان لە ئاستی مێژوو و گەورەیی رێبازی بارزانی دابن و لە ئاستێك دابن كە ئاشتی كۆمەڵایەتی و پرنسیپەكانی ڕاگەیاندن ڕەچاوبكرێت.

لە لایەكی دیكەوە تەئكید لە پەیوەندیی ئەندامان و كادیرانمان لەگەڵ جەماوەر كرایەوە بۆ بەهێزكردنی هزری نەتەوەیی و نیشتیمانی، هەروەها هاندانی هەڤاڵانمان بۆ بەره‌نگاربوونەوەی هەندێ‌ دیاردەی دزێو كە تێكدەری بارودۆخی كۆمەڵاتی و خێزانین وەكو مادده‌ی هۆشبەر. لە كۆتاییدا تەئكید لە پەیرەوكردنی رێنماییەكان كرایەوە.

كۆبوونەوەی فراوانی كۆمیتەی ناوەندیی

پارتی دیموكراتی كوردستان

بەپەلە

ڕاگەیەندراوێك لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە

بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنی و هەستیارەی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت، …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *