
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم شەش ڕێکاری بەپەلە و گرنگی بۆ ڕێگری لە پەرەگرتنی نەخۆشیی تای خوێنبەربون دەرکردوە و داوای کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێویەکی نافەرمی دەکات.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پێویستە ئاژەڵەکان لە سەربڕخانە فەرمییەکان سەر ببڕدرێن و بە پشکنین و مۆری فەرمیی ڤێرتێرنەری بچێتە بازاڕەوە؛ سەربڕینی ئاژەڵیش لەسەر ڕێگاکان و لاکۆڵانەکان قەدەغەیە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دەبێت پشکنین بۆ ئاژەڵەکان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بکرێت، بە مەبەستی دڵنیابونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکە، هەروەها پێویستە ڕێکارە تەندروستییەکان بۆ پۆشینی جلوبەرگی تایبەت و کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکاندا ڕەچاو بکرێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت، “کەرەنتینەکانی ئاژەڵ لە مەرز و فرۆکەخانەکاندا پێویستە پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکەن کە دێنە ناو هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دڵنیابونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکان”.
ئەوەشی خستەڕو، “وەزارەتی کشتوکاڵ ڕێکاری پێویست دەگرێتە بەر بە مەبەستی دابینکردنی دەرمانی شوشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەکی (قڕنە) کە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشیی تای خوێنبەربونە لە نێوان ئاژەڵەکان، ئەم هەڵمەتە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەبێت”.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاودا هاتوە، “دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێوەیەکی نافەرمی و لە سنورەکانی دەرەوە و نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کۆنتڕۆڵ دەکرێت، هەروەها ڕێگە لە هێنانی ئاژەڵ لەو پارێزگایانەی کە نەخۆشیی تای خوێنبەربونی تێدا بڵاوبوەتەوە دەکرێت”.
وەزارەتی کشتوکاڵ باسی لەوەشکردوە، جگە لە دەرکردنی چەند ڕێکارێک بۆ ڕێگری لە پەرەگرتنی ئەو نەخۆشییە، هانی هاوڵاتییان و گۆشتفرۆشانیش دەدات خۆیان بپارێزن و ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن.