
د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سكرتێری لێژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، ڕاگەیاند: “لێژنەكانی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كە بەپێی یاسای چاكسازی دروست كراون كاری خۆیان دەكەن، فەرمانبەر بە فەرمانبەر پێداچوونەوە بە دۆسیەكانیان دەكرێت، بۆیە ئەو بابەتە كاتی دەوێت و بە وردی كاری لەسەر دەكرێت و ڕێنوێنیی تایبەتیش لەلایەن وەزارەتی داراییهوه بۆ هەر بوارێك دەردەكرێت”.
باسى لهوهش كرد، لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانیش ڕاپۆرت لەبارەی هەنگاوەكانی یاسای چاكسازی خراوەتە ڕوو، گوتیشی: “رَاپۆرتێكی تێروتەسەلی لێژنەی باڵای چاکسازی سەبارەت بە بەدواداچوونی هەنگاوەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی خرایە ڕوو، هەنگاوی باش نراوە و ڕێکار و میکانیزمی پێویست گیراوەتە بەر، حكوومەتى ههرێمى كوردستان لە هەوڵی ئەوەدایە لە ماوەی دیاریكراودا یاسای چاكسازی جێبەجێ بكات”.
سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، دەشڵێت: “ئەنجوومەنی وەزیرانى ههرێمى كوردستان بڕیارى داوە تاوەكوو 7ی 7ی 2020 هەموو ڕێكار و میكانیزمەكانی جێبەجێكردنى یاسای چاكسازی تەواو بكرێن، وەزارەتی پێشمەرگە و دارایی و وەزارەتی كاروباری شەهیدان، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی تاوەكوو 7ی 7 ئامادە دەبن بۆ دەستپێكردنی ڕێكارەكانیان”.
ئەوەشی خستە ڕوو، دوای تەواوبوونی ڕێكار و میكانیزمەكان، لە مانگی داهاتوو هەموو بڕگەكانی یاسای چاكسازی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
د.عەبدولحەکیم خەسرۆ ڕوونیشى كردهوه: “پاشگەزبوونەوە لە چاكسازی نییە، ئەوەی بە ناحەقی شتێكی وەرگرتبێت، دڵەراوكێ گرتوویەتی و دەترسێت و دەزانێت كە مافی ئەو نییە، ئەوەشی شایستە بێت، دڵی خۆشە بە چاكسازییەكه”.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە