
رێبوار تەها، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی، راگەیاند: ”بەتەواوی گوێم لە پەیامەکەی جەنابی کاک مەسعود بارزانی گرت، هەندێک شتی تێدابوو کە دڵخۆشکەر بوون، ئەو بانگەوازەی بۆ لایەنە کوردییەکان و بەتایبەت مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی بۆ کۆبوونەوە، زۆر گرنگە، دەرخەری ئەوەیە، ئەو دوو حزبە سەرەکییە لە گۆڕەپانی سیاسییدا ئەگەر پێکەوە کار بکەن، دەستکەوتی باش بەدەست دێت.
هاوکات گوتیشی: ”پەیامەکەی جەنابی کاک مەسعود سەبارەت بە دانیشتن و کۆبوونەوەی هەموو لایەنە سیاسییەکان راست و دروستە، پێش هەموویان یەکێتی و پارتی، لێرەوە من داوا دەکەم، هەمان دەستپێشخەریی جەنابیان بۆ کەرکووک، خورماتوو، خانەقین، شنگال، جەلەولا و ناوچەکانی دیکە بکرێ، کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی بۆ بكرێت، چونکە لە رووی ئەمنی و ئیداری لە دۆخێکی زۆر خراپدان.
رێبوار تەها رایگەیاند: ”هەرچەندە من گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیم، بەڵام وەک ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی، ئەم پەیامەی کاک مەسعود بە باش دەزانم، بەتایبەت لەم کاتەدا.