
سەرۆك مەسعوود بارزانی لە میانی گوتارێكیدا لە رێوڕەسمی كردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانیی بارزانی، داوای لە لایەنە سیاسییە كوردییەكان كرد، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكانی ناوچەكە، پێش 18ـی ئەم مانگە، كۆبوونەوەیەكی گەورە ساز بكەن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی ئایار، سەرۆك بارزانی لە گوتاری كردنەوەی مۆزەخانەی بارزانی گوتی، بانگەوازێك بۆ هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردی دەكەم، تا لاپەڕەیەكی نوێ بكەنەوە و پێش 18ـی ئەم مانگە، كۆبوونەوەیەكی فراوان بكەن و تێیدا هەموو كێشەكان باس بكرێن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.
سەرۆك گوتی، پێش ئەم كۆبوونەوەیە داوا لە هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی دەكەم، كۆبوونەوەیەك بكەن تا ئەم تەمومژییە نەمێنێت و كەشێكی گونجاو بۆ كۆبوونەوە گەورەكە ساز بكەن.
ئەو وتارەی سەرۆك بارزانی لە میانەی لە كاتی كردنەوەی رێوڕەسمی مۆزەخانەی بارزان بوو كە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی تەواو سەركردە و سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو.