
ئەندامێکی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، دۆڕانێكی گەورە چاوەڕوانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات، بۆیە لە هەڵبژاردن دەترسێ و هەر ڕۆژەی پاساوێكی تازە بۆ ئاستەنگخستنە بەردەم پرۆسەكە دێنێتەوە.
جوان ڕۆژبەیانی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی ڕاگەیاند: بابەتەکە لەسەر ڕێکارە پەرلەمانتارییەکە دەڕوا و دەبێ یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنیش هەموار بکرێتەوە، لە ماوەی ڕابردوودا یەكێتی و گۆڕان داوایان كرد هەڵبژاردن بە چەند بازنەیەك بكرێت، پارتیش لاری لەسەر نەبوو، چونکە پارتی سەنگی خۆی و سەنگی لایەنەكانی تریش دەزانێت، هەڵبژاردن بە یەک یان فرە بازنە بکرێ، لە كۆتاییدا هەر پارتییە كە دەتوانێت پێگەی خۆی بپارێزێت و زیاتریش ببێت، لە هەڵبژاردنی عێراقیشدا توانیمان پلەی یەکەم بەدەست بێنین، بەڵام یەکێتی بە بەراوبەر بە هەڵبژاردنی ڕابردوو، کەمترین دەنگی هێنا.”
ئەندامەکەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتی: ”ئەوە یەکێتییە نایەوێ هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت و بکرێ، بەربەست لەبەردەم دانیشتنەکانی پەرلەمان و دانیشتنی شاندی یەکێتی و پارتی لەسەر بابەتی هەڵبژاردن دروست دەکات و دەیەوێ پرسەکە بەلاڕێدا ببات، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنیش نەکرێ، هەر جارە و بابەتێک دێنێتە ئاراوە.”
جوان ڕۆژبەیانی، ئامۆژگاریی یەکێتى دەکات كە ”لەبری خۆسەرقاڵکردن بە بابەتی میدیایی و تۆمەت بەخشینەوە بۆ لایەنەکانی دیکە و بەتایبەت پارتی، کێشە ناوخۆییەکانی خۆتان چارەسەر بکەن، بەداخەوە یەكێتی هەر کاتێك لەنێو خۆیدا ڕێک ناكەوێت، دێ تۆمەت بۆ پارتی دروست دەكات.”