
بەرپرسی ناوچەی کفریی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد کە لە لایەن چەند چەکدارێکەوە تەقە لە بارەگای ناوچەکەیان کراوە.
کەمێک لەمەوبەر سەباح محەمەد عەزیز، بەرپرسی ناوچەی کفریی پارتی راگەیاند، کاتژمێر ١٠ و نیوی ئەمشەو لە کفری خۆپیشاندانێک هەبووە، تێیدا ئاڵۆزی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندانەکان دروست بووە، ژمارەیەک لە ڕێکخەرەکان گیراون، داوایان کردووە ئازاد بکرێن و دواتر ئازاد کراون، بەم هۆیەشەوە جۆرێک لە ئاڵۆزی لەنێو شارەکەدا هەبووە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەم سەروبەندەدا چەند چەکدارێک لە ڕێگەی ماتۆڕسکیلەوە خۆیان گەیاندووەتە کۆڵانێکی نزیک ناوچەی کفریی پارتی و تەقەیان لە بارەگاکە کردووە.
بەرپرسی ناوچەی کفریی پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە فیشەک بەر دیواری بارەگاکەیان کەوتووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
ئەمە یەکەمینجار نییە لە شار و شارۆچکەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی تەقە لە بارەگاکانی پارتی بکرێت و پێشتریش دەیان جار لە سلێمانی و شوێنەکانی دیکەوە ڕووداوی هاوشێوە ڕووی داوە و بە دەگمەن نەبێت، تەقەکەرەکانیش دەستگیر نەکراون.