
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووریی سەبارەت بە لێدوانێکی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کە باس لە سزادانی سلێمانی دەکات روونكردنەوە دەدات و دەڵێت: گەندەڵی و خنکاندنی بازاڕ و سەرانەسەندن لە بازرگان بکەرەکە و کارەکتەرەکانی لە سلێمانی و دەورووبەری بەکەس ناشاردرێتەوە.
بەپێی راگەیاندراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەزیری دارایی بە چەند روونكردنەوەیەك وەڵامی لێدوانێكی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەداتەوە کە باس لە سزادانی سلێمانی دەکات لە لایەن وەزیری دارایی و ئابووری.
ئەمەش دەقی وەڵامەكانی وەزیری داراییە:
یەکەم: کێشەکانی سلێمانی و دەورووبەری هی ئەم کابینەیە و ئەم وەزارەتی داراییە نییە، هۆکارەکانی هەمان هۆکارن کە پێش ئەم مێژووەش سلێمانی و دەوروربەری وێران کردووەو تا ئێستاش بەردەوامە، جەنابتان ناتوانن خۆتانی لێ بێ ئاگا بکەن، وا ناشتوانن سلێمانی (٢٠١٩) لە ئێستا بە پێشکەوتووترو جوانتر دابنێن.
دووەم: گەندەڵی و خنکاندنی بازاڕو سەرانەسەندن لە بازرگان و…هتد بکەرەکە و کارەکتەرەکانی لە سلێمانی و دەورووبەری بەکەس ناشاردرێتەوەو ناتوانن خۆتانی لێ بێ بەری بکەن، واتە ئێوە سزای سلێمانی دەدەن نەک بەندە.
سێیەم: ماوەی نزیکەی چوار ساڵە ئێمە لە وەزارەتی دارایی لە هەوڵی بەردەوامی چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی سلێمانیداین، هەرچی لەتوانای ئێمەدا بێت کردوومانە، چەند توانیبێتمان بەسەر ئاستەنگە دەستکردەکانی ئێوەدا سەرکەوین، ئەوەندە سەرکەوتووتربوین، ئەمانەش بەکردەوە نەک قسەی زل و فشەی سیاسی، بۆ ڕاستیش ئەکرێ پرسیار لەوەزیرە بەڕێزەکان و پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بکەن.
چوارەم: کێشەی ئێستای سلێمانی سەرباری دابەزینی داهاتی سنورەکە، لە ساڵی ٢٠٢١ وە دەست پێدەکات کاتێک لە بەرواری (٢٠٢١/١/١) لە بانکەکانی سلێمانی نزیکەی (٣٥٠) ملیار دینار وەفر هەبوو، لە کۆتایی هەمان ساڵ گەیشتە نزیکەی ١٠٠ ملیار دینار، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ کورتهێنان لە بانکەکانی سلێمانی گەیشتە نزیکەی یەک ترلیۆن دینار، کە هەمووی پارەی هاوڵاتیان و فەرمانگەکانی سلێمانی بوو.
ئەوکاتە بکەری سەرەکی ئەو تاڵانیە ئێمە سزامانداو جەنابتان گوڵبارانتان کرد، ئێمە داومانە بەدادگاو جەنابیشتان پاداشتی ئەکەن، ئەبێت ئێوە کە پاداشتتان کردبێت سزای سلێمانیتان داوە یان ئێمە کە داومانە بە دادگا ؟.
پێنجەم: ڕێکەوتن لەسەر پشکی ٥٧/ و پشکی ٤٣/ ، وەزارەتی دارایی لێی بەرپرسیار نییەو زۆریش دژیەتی، جەنابتان ئەبوایە لە سەرەتاوە قبوڵی نەکەن، نەک لەم دوا دواییەدا بیرت بکەوێتەوە ، ئۆباڵی هەر دەرهاویشتەیەکی ئەو کارە تەنها لە ئەستۆی ئێوەیە کە پێی ڕازی بوون.
شەشەم: من یەکێک بووم لەو پێشمەرگانەی کە گەنجێتی خۆم و خوێن و ڕەنجێکی زۆرم بە کوردستان و سلێمانی بەخشیوە، زۆر زۆر لە ئێوە زیاتر خۆشم ئەوێ و دڵم پێی ئەسوتێت، هەمیشە خۆشەویستی ئەو شارەو خەڵکەکەی لەدڵ و دەرونی مندایە نەک لە بۆنەکاندا بیرم بکەوێتەوە، من نەهاتومەتە سەر حازری.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە