
دکتۆر نەبیل حەمدی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، یەکەم تووشبووی کۆلێرایان تۆمارکردووە کە تەمەنی 36 ساڵە.
لەبارەی وردەکاریی تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرا لە کەرکووک، رۆژی چوارشەممە 15-06-2022، دکتۆر سەباح نامیق، بەرپرسی تەندروستیی گشتیی لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک بە هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداوی گوت: ئەو نەخۆشە سەردانی نەخۆشخانەی کردووە، چەند نیشانەیەکی سووکی هەبووە، پزیشکی نیشتەجێ گومانی لێکردووە و ناردوویەتی تاوەکو پشکنینی کۆلێرا بکات، دەرئەنجام لە پشکنینەکە دەرچووە کۆلێرایەتی، نەخۆشەکە رەوشی تەندروستی باشە تەنانەت داخڵی نەخۆشخانەش نەکراوە لە ماڵەوەیە.
سەباح نامیق ئاماژە بەوە دەدات، “لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما رێژەی تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە زیاد دەکات، ئەویش بەهۆی چالاکبوونی هەندێک بەکتریا و ڤایرۆسە لەو وەرزەدا.”