
بەرێوەبەری گشتیی ئاو، روونكردنەوە و زانیاری لەبارەی وردەكاریی جێبەجێكردنی بڕیاری كەمكرنەوەی كرێی ئاو دەدات و ئاشكرای دەكات، ئەوەی پێوەر ببەستێت قەرزەكانی پێشووی لەسەر لادەبردرێت.
ئاری ئەحمهد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاند: “مەرجی جێبەجێكردنی بڕیاری كەمكردنەوەی كرێی ئاوی ماڵان، بەتایبەت بۆ ئەوانەی پێوەریان نەبەستووە و پارەیەكی زۆر قەرزارن، ئەوەیە كە دەبێت هاوبەشەكە پێوەری ئاو ببەستێت”.
سەبارەت بەچۆنیەتیی جێبەجێكردنی بڕیارەكە گوتی: “هەریەكێك پێوەری نەبێت، سەردانی فەرمانگەكانی ئاو دەكات ئەو كات پێوەری بۆ دەبەسترێت و دەخرێتە نێو سیستەم، كاتێك خرایە نێو سیستەم ئەوە پسولەیەكی بۆ دەكرێت، هەموو ئەوەی پێشووی كە بە 80 هەزار دیناری مانگانە بۆ ئەژمار كراوە ئەگەر لە نێو شار بێت دەكرێتە 20 هەزار دینارو ئەگەر لە دەرەوەی شار بێت ئەوە دەبێتە 10 هەزار دینار”.
ئەگەر كەسێك لە نێو شار ساڵێك پێوەری نەبەستبێت و 960 هەزار دینار قەرزاربێت ئەوە دەبێـە 240 هەزار دینار، كەسێكیش لە دەرەوەی شار پێوەری نەبووبێت ئەوە پارەی ساڵەكەی لە 960 هەزاردینار دەبێتە 120 هەزار دینار.
ئاری ئەحمەد ئەوەی خستە روو” هەركەسێك پێوەر نەبەستێت ئەوە قەرزەكەی هەر لەسەر دەمێنێت و مانگانەش 80 هەزار دینارەكە بەردەوام دەبێت، بۆیە داوا دەكەین هاووڵاتییان پێوەر ببەستن و سوودمەند بن لەو بڕیارە دڵخۆشكەرە، كە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەزامەندی لەسەر دراوە”.