
نۆ كه‌س له سنووری ئیداره‌ی راپه‌ڕین، له‌لایه‌ن چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)وه ده‌ستگیر كراون، كە به‌شێك له‌وانه كادیری یه‌كێتین و به‌شێكیشیان كادیری حزبه‌كانی دیكه‌ن، خه‌ڵكی بێلایەنیشیان لەنێودایە.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی ئاشكرای كردووە: ”په‌كه‌كه له سنووری رانیه و قه‌ڵادزێ و سلێمانیدا 9 كه‌سی رفاندووه، سێ كەس له‌و 9 كه‌سه ئازاد كراون، په‌كه‌كه ساڵێك پێش ئێستا بەڵێنی به یه‌كێتی داوه، كه ئه‌و گرووپه ئازاد بكه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌پێی بڕیاره‌كانی ناوخۆی قه‌ندیل له به‌رامبه‌ر ئازادكردنشییان پاره‌یان لێ وه‌ربگیرێت.
سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد: ”به‌شێك له‌وانه‌ی گیراون، تۆمه‌تی جیاوازیان دراوەتە پاڵ، سێ له‌و كه‌سانه‌ی گیراون به تەنیا گیراون و به‌شێكیشیان به گرووپ، ئێمه زۆر هه‌وڵمان له‌گه‌ڵ سەركردایەتیی قه‌ندیل دا و 60 جار كۆبوونه‌وه و دانیشتنمان له‌گه‌ڵ كۆما جڤاتی كوردستان (كەجەكە) هەبووە، له‌وێ ته‌له‌فۆنیان بۆ هه‌ندێك سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی كردووه و پێیان گوتوون وه‌رن بۆ قه‌ندیل، به‌ڵام له‌گەڵ خۆتان پیاوماقوڵاندنی قه‌ندیل و خانه‌واده‌كانیشیان بهێنن.
دەڵێ، ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تیی یەكێتی چوونه قه‌ندیل و له‌وێ له ئه‌نجامی قسه‌كردن بۆمان ده‌ركه‌وت، به‌شێك له‌وانه‌ی گیراون له‌خۆڕا و به‌بێ به‌ڵگه گیراون، یه‌كێك له‌وانه به تۆمه‌تی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كێك له كارمه‌ندانی بازگه‌ی یه‌كێتی له سنووری په‌كه‌كه گیراوه، په‌كه‌كه بڕیاریان داوه ئه‌وانه ئازاد بكه‌ن، به‌ڵام بۆ ئازادكردنیان پاره‌یان ده‌وێت.“
ئەو سەرچاوەیەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئه‌وه‌شی خسته روو: ”په‌كه‌كه ئه‌و كەسانەی گرتوونی حوكمی داون، هه‌یانه 6 ساڵ و هەیە 7 ساڵ حوكم دراوە، به‌ڵام ئه‌وان له‌به‌ر قسه‌ی كۆنسه‌ی بەڕێوەبەریی كەجەكە، لە بەرامبەر بە پارە بەخشیویانن، ئیتر له‌وێ به ناوی یه‌كێتی سوپاسیان كردوون، بەڵام دوای ماوەیەكی زۆر ئه‌و گیراوانه ئازاد نه‌كراون و یه‌كێتییان ده‌ستخه‌ڕۆ كردووه.